دیوەخانەکەی تۆ و تەویلەکەی ئەو!

بیروڕا – لوقمان بیارەیی

‎كە ڕاپەڕینمان كرد لە قاچاخچییەکانی ئەنفال خۆش بووین، لە مەنعل تەجەول چیەكان،لە موستەشار و ڕەفیق حیزبی و شەوكوتەکانی ئەمن و لە (احد رفقا للسید الرئیس) خۆش بووین، کەچی ئێستا یەكێتی لە گۆڕان خۆش نا بێت، پارتی لە یەكێتی، گۆڕان لە پارتی، حكومەتیش لە حیزبەكان و حیزبەكانیش لە حكومەت خۆش نابن، کەسمان کەسمان نابەخشین، تەنانەت لە خێزان و خانەوادە و نزیكەكانی خۆشمان نابورین، ئەرێ ئێمە بۆ وامان لێ ھات؟!

جاران شوێنكەوتوانی حیزبەكان بە وەستانەوە بەرامبەر دوژمن باڵانسی ئینتیمای خۆیان بۆ حیزبەكانیان دەرئەبڕی، بەڵام ئێستا نەوەیەک پێگەشتووە، بە ڕق و سوكایەتی بە حیزبەكانی تر ئەو كارە ئەكا! یانی(گۆڕان)ێك بۆ ئەوەی گۆڕانێكی عەیارە بیست و چوار بێت، پێویستە ڕقی لە پارتی و یەكێتی بێت و تەشهیر بە سەركردە و سەوابتە نەتەوەییەكانی كورد بكات، كێشەكە ئەوەیە ئەم ڕەوتە لە سیاسەت كردن، لە لایەن بەشێك لە قەڵەم بە دەست و خوێندەوارەكانەوە پەرە پێ ئەدرێ و هەوڵ ئەدەن بیگشتێنن بەسەر شوێنكەوتوانی حیزبەكانی تریشدا!

بە جۆرێك سەریان لێ تێکدراوە و ڕێگەیان لێ بزرکراوە، نە دەزانن بۆ چی حیزبی خۆیان خۆش دەوێ و نە دەشزانن بۆ چی ڕقیان لە حیزبەكانی ترە!

مەبدەئی(كوێخا وتی، کەواتە ھەموو ئاوایی وتوویەتی) جێی ھەموو بیرکردنەوەیەکی گرتووە، ئیدی ئەوەی بە هۆی ڕقی تۆوە لای خۆی جێگیر بووە، كاندیدی بكا و خەڵكی ئاواییش متمانە و دەنگی خۆیانی پێ بدەن .

ئەدای ڕەخنە كەم بۆتەوە، ئەوەی هەیە موخاتەبەیەكی عەبوسانە و دوژمنانکارانەیە! هەر بۆیە بەشێكی كاندیدەكان بەم ئاڕاستەیە بانگەشە بۆ خۆیان ئەكەن! من حەق بە هەموو كەس ئەدەم، بە حیزب و بەرپرسەكان بڵێن (من این لك هذا؟)بەڵام لە ڕوانگەی نیشتیمان پەروەریەوە، نەك بە ئاوازی حەسادەت و لۆژیکی بەرسیلەكە، یانی مادەم ئەو دەمی نایگاتێ ئیتر زۆر ترشە! یا ئەبێت بێدەنگ و لە سوچیێكەوە بەشی ئەویش دابنرێ، یان ئەوەی کە نابێت کەسی تر دەرفەتی مومارەسەی تواناكانی خۆی ھەبێت، کەواتە ئێستا دەبێت کەسانێکی تر، بە عەقڵێكی تازە و بە توانایەكی جیاوازترەوە بچێتە جێگەی، نەك یاروڵڵا بۆ جێی جاروڵڵا! ئاخر گەر مەسەلە تەنها گۆڕینەوەی دیوەخانەكە بێت و بابەت مەجلیس و ڕەعیەتەكە نەبێت! دەی خەڵكیش تەویلەکەی خۆی لە دیوەخانەکەی تۆ پێ خاوێنترە .

بە داخەوە ئێمە ئێستا بە پراکتیک بەرە و كۆمەڵگەیەكی ئینتیقامی و بە گایەلبون ئەچین، نەك ئەوەی كە تەکنەلۆژیا بە پەپولە نیشانمان ئەكات!

پێویستە لە سەر هەموو كەسێكی ژیر، بە گشتی و گەنجان بە تایبەتی، ئەو حیزب و كەسانەی كە بە بەرگی فریشتەوە هاتنە مەیدانەكە و دەجالی سیاسی و عاشقی دەستەڵات و پشكداری چاڵە نەوت و كۆمپانیا دەرچوون! لە سەر سندوقەكانی دەنگدان سزا بدات، تاكو بەر بەم نەزیفە سیاسی و ئیداری و ئەخلاقیە بگیرێ كە توشی وڵات بووە .

ئاوایە ئیدی، ئەمڕۆ بۆ من گرنگ نیە کە نەزانم بۆ چی ڕقم لە تۆیە، گرنگ ئەوەیە ئەزانم بۆ چی ئەمەی لای خۆمم خۆش ئەوێ!

ھەواڵی زیاتر