سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

پێشنیازێکی ئەمریکی داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێڕاقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەکات


میدیا ئەمریکییەکان زۆر بە گرنگییەوە باس لە سەردانەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ واشنتۆن دەكەن و پێشنیار هەیە لە ئەگەرێكدا ئەمریكا هێزەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە، ئەو هێزانە بۆ هەرێمی كوردستان بگوازرێنەوە.

لە مانشێتی ژمارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ی شوباتی 2024، لە راپۆرتی یەكەمی رۆژنامەی (ئەلمەدا)ی عێراقی، بە ژمارە (5421)، باس لە سەردانەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا كراوە و ئاماژە بەوە دراوە، ئەو سەردانەی سەرۆكوەزیران لەلایەن میدیا ئەمریكییەكانەوە زۆر گرنگیی پێدراوە.

هاوكات هەر لەو راپۆرتەدا باس لە پێشنیازێكی ئەمریكی بۆ ئەگەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان كراوە.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە: ”میدیا ئەمریکییەکان گرنگییان بە سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتۆن و دیدارەکەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە داوە.“

هەر لە راپۆرتەكەدا باس لەوە كراوە، هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر مانەوەی “درێژخایەن”ی ئەمریکا لە عێراق ڕێك کەوتوون.

ئەو رێككەوتنەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەكاتێكدایە، كە ڕاپۆرتە ئەمریكی و ڕۆژئاواییەکان ئاماژە بە ئەگەری گواستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەوەش ڕۆژێک دوای دیدارەکەی مەسرور بارزانی، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا.

دوای دیدار لەگەڵ مەسرور بارزانی، بلینکن پشتیوانیی بەردەوامی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بەو پێیەی بەردی بناغەی پەیوەندیی هەمەلایەنەی ئەمریکایە لەگەڵ عێراقدا.

بلینکن لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی (X) ئاماژەی بەوە دا، “لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووینەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هاوبەشیی ئەمریکی لەگەڵیان و هاندانی بەردەوامیی هاوکاری لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدراڵ”.

دووشەممەی ڕابردوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕۆژێک دوای هاتنی بۆ ئەمەریکا، لە واشنتۆن کۆ بووەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕوونیشی کردەوە: “ئەمریکا بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان، بەو پێیەی بەردی بناغەی پەیوەندییەكانمانە لەگەڵ عێراق.”

ئاماژەی بەوەش کرد: “پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت”.

ڕوونیشی کردەوە: “هەرێمی کوردستان هەرێمێکی نموونەییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واشنتۆن بەهای هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆرە.“

ئێوارەی شەممەی ڕابردوو، مەسرور بارزانی، لەسەر بانگهێشتێکی فەرمیی ئیدارەی ئەمریکا گەیشتە واشنتۆن.

ئەم سەردانەی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا، هاوكاتە لەگەڵ داوای حكوومەتی عێراق بۆ کشانەوەی بەپەلەی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاكی عێراق، ئەو داوایەش فشاری هێزە گرێدراوەكانی ئێرانە لەسەر حكوومەتی عێراقی.

ئەمریکا لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەی کە لە ساڵی 2014 بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دایمەزراند، نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق جێگیر كردووە.

هەر پەیوەست بەو پرسە، ماڵپەڕی (میدل ئیست)ی ئەمریكی پێشنیاری کردووە، کە زۆربەی ئەو هێزە ئەمریکییانە بکشێنرێنەوە، یان بگوازرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوەی بە بژارەیەكی باش داناوە.

بەڵام چاودێرانی سیاسی وای دەبینن، وردە وردە دەنگە بەرزەکان کە داوای “دەرکردنی خێرا”ی هێزەکانی ئەمریکایان كردووە لە عێراق، دەستیان بە دابەزین کردووە، بەتایبەتی دوای شکستی پەرلەمانی عێراق لە دەرکردنی یاسایەک لەوبارەیەوە.

هەروەها مەترسیی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان، كە ئەوەش پێگەی هەرێمی كوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هێندەی دیكە بەرز بكاتەوە.

هەروەها ڕاپۆرتێکی (پەیمانگای واشنتۆن بۆ لێکۆڵینەوە) کە لەلایەن دەیڤید شنکەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نووسراوە، باسی لە دەرەنجامەکانی ئەو گرژییانەی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر هێزە گرێدراوەكانی ئێران لە عێراق و داواکاریی حکوومەتی عێراقی بۆ ڕۆیشتنی هێزە بیانییەکان لەسەر خاكی عێراق کردووە.

لە راپۆرتی ئەو پەیمانگا ئەمریكییەدا جەخت لەوە کراوەتەوە،ی ئەگەر هێزەکانی ئەمریكا بۆ هەرێمی کوردستانیش بكشێنەوە، پەیوەندیی ئەمنیی واشنتۆن لەگەڵ بەغدا هەر بەردەوام دەبێت.

شنکەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، هەر لەو راپۆرتەیدا باسی لە داواکارییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی هێزەكانی ئەمریکا لە عێراق كردووە و نووسیویەتی، ئەوە شتێکی نوێ نییە، بەڵكوو لەوكاتەوەی كە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ساڵی 2018 هەڵوێستێکی توندی لە دژی ئێران گرتە بەر و هەروەها دوای شكستی داعش لە ساڵی 2019، ئەو گرووپە چەکدارانەی عێراق، كە ئینتیمایان بۆ ئێران هەیە، سەربازە ئەمریکییەکانیان لە عێراق كردووەتە ئامانج، بەو هیوایەی ناچاریان بکەن لە عێراق بچنە دەرەوە.

مانگی ڕابردوو، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، حکوومەتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دانوستان لەگەڵ واشنتۆن دەكات. شنکەر دەڵێت، ساڵی ڕابردوو سوودانی نیگەرانیی خۆی دەربڕی سەبارەت بە ئەگەری دزەپێکردنی تیرۆر بۆ ناو وڵاتەکەی لەودیو سنووری سووریاوە، کە هێشتا داعش لەوێ چالاکە، لە چاوپێکەوتنێکدا، کە ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، “پێویستمان بە هێزی هاوپەیمانان هەیە“ بەڵام ڕێکەوتی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە غەززە، كاریگەریی لەسەر حكوومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی دروست كردووە.“

ئەو نووسەرە لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوەش كردووە، کاتی ئەوە هاتووە ئیدارەی بایدن دەست بکات بە لێکۆڵینەوە لە باشترین ڕێگاکانی کەمکردنەوەی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمریکا وەبەرهێنان لە بوونی خۆی ناکات لە عێراق لە پاڵنانی فراوانبوونی هەژموونی ئێران لە بەغدا، یان بەربەست خستنە سەری.

ضدەشڵێت: ”زۆرینەی هێزەکانی ئەمریکا دەتوانن لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە، بەو پێیەی ئەمریکا لەوێ پێشوازیی لێدەكرێت.“

هه‌واڵی زیاتر