سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

کێن ئەوانەی سەنگەریان لە پارتی گرتووە ؟!

چرا شەماڵ
کێن ئەوانەی سەنگەریان لە پارتی گرتووە ؟!

لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری پێشووی عێراق کورد بووە پێکهێنەری جومگە سەرەکییەکانی دەوڵەتی نوێ لە عێراقدا، ڕۆلێکی کاریگەریشی بینی لە بودنیاندنانەوەیی و بەرپاكردنی تەبایی و ئاشتەوایی و چەسپاندنی بنەماكانی ئازادیی و دیموكراسیی و پێكەوە ژیانی نەتەوەو ئاین و ئاینزا جیاوازەكان ، شەڕی زۆریشی كرد بۆ چەسپاندنی ئەم بنەمایانە لە دەستووری عێراقدا .

ئەوەی ڕۆڵی گرنگی لەم مەیدانەدا بینی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك مەسعود بارزانی بوون كە وەك درعێكی بەهێز لە بەغدا، مەیدانی جەنگی چەسپاندنی مافەكانی كورد، بەرگری كرد و سەنگەری چۆڵ نەكرد و لە ژێر فشاری ئەمریكا و لایەنە عێراقییەكان بە شیعە و سوننە و وڵاتانی دراوسێ كۆڵی نەداو سازشی نەكرد تا زۆرتریین مافی كوردی لە دەستووردا چەسپاند.

دوای ئەوەش بەردەوام لایەنە سیاسییە ناکۆکەکانی عێراق بۆ چارەسەرو یەكلا كردنەوەی کێشەکانیان ڕوویان لە هەولێر و لە سەرۆک بارزانی دەکرد، ئەویش بە حیكمەت و كاریگەری خۆی زۆربەی زۆری ئەو كێشەو ناكۆكیانەی چارەسەر دەكرد و هەمو جارێك عێراقی لە ئاڵۆزترین چارەنووس و مەترسی ڕزگار دەكرد.

ئەم پێگەو سەنگ و قورساییەی پارتی و سەرۆك بارزانی لە عێراقدا بێگومان زۆر لایەنی ناوخۆیی كوردستان و عێراق و دەرو دراوسێشی بە قوڵی نیگەران كردووە، بۆیە بەردەوام ئەو لایەنانە خەریكی پلان و پیلان و بەرنامەی نهینی و ئاشكرا بوون، ئێستاش بەردەوامن بۆ لاواز كردن و ئاوت كردنی پارتی و دور خستنەوەی لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستان و عێراقدا ئەمەش بێگومان خەونێكی نەزۆك و حوشتریانەیە چونكە پارتی حیزبێك نییە شەپۆلی ناڕەزایی كاتی یان دەزگای موخابەراتی ناوچەیی لە پشت دروست كردنیەوە بن تا بە ئاسانی لەناو بچێت ، پارتی مێژوو و دۆزێكی ڕەوای نەتەوەیی دروستیكردووە، بۆیە تا مێژوو بەردەوام بێت و تا دۆزی ڕەوای كورد دەگاتە ئامانجەكانی پارتی دەمێنێت و هیچ ڕەشەبایەك نای لەرزێنێت و نای ڕوخێنێت .

 

ئەو لایەنانەی دژایەتی پارتی دەكەن هەموویان لەیەك بەرەدا كۆبونەتەوە، هەموویان پێكەوە بە یەك ڕیتم و یەك ئاواز هەوڵ بۆ لاوازكردنی پارتی دەكەن، ئەگەر تەماشای ئەو لایەنانە بكەیت كە دژایەتی پارتی دەكەن ئەوە تێدەگەیت هۆكاری دژایەتی كردنەكەی پارتی ئەوە نییە كە هەوڵی چەند حیزبێك بێت بۆ لاواز كردنی نەیارێكی حیزبی، بەڵكو هەوڵی بەرەیەكی دژە كوردە بۆ نەهێشتنی حیزبێك كە دوایین قەڵای بەهێزی بەرگریكردنە لەسەروەریی و ماف و ئازادییەكانی خەڵكی كوردستان و ئەو مافانەی كە لە دەستووری عێراقدا بە شەڕ چەسپاندویەتی، هەتا پارتی مابێت و هێزو بازوی پۆڵایین و ئیرادەی هەبێت ئەو لایەن و بەرە ناوخۆیی و عێراقی و ناوچەییە بەئامانج ناگەن، بۆیە ئێستا دەبینین لە ڕێی “دادگای نادەستووری” عێراق و كۆمیسیۆنی باڵای داردەستی بەرەی دژە كورد دەیانەوێت لە هەڵبژاردنێكی پێش وەخت نەخشە بۆ دارێژراودا پشتی پارتی لە زەوی بدەن و دواتر هەرێمی كوردستان وەك باقی شوێنەكانی دیكەی عێراق بكەنە گۆڕەپانی تەراتێنی میلیشیا چەكدارە مەزهەبیە دژە كوردەكان و ئیتر شتێك نەمێنێتەوە بە ناوی كوردستان و هەرێم و دام و دەزگای خۆ بەڕێوەبەری كوردستان و شتێك نەمێنێت بەناوی قەوارەی دەستوریی هەرێمی كوردستان ، ئەوانەی بەم خەیاڵەوە دەژین دەبێت لەوە تێبگەن كە ئەوانی پێش خۆیان چی لە كوردستان و عێراق و چی لەناوچەكەشدا بەو خەیاڵ و خەونەوە سەریان نایەوە ، پارتی خەون و خەیاڵی هەموویانی لە گۆڕنا و خۆیی و خەون و ئاوات و ئامانجەكانیی و خەباتەكەی لە پێناو وەدی هێنانیاندا بە بە هێزی مایەوەو هەر دەشمێنێتەوە …

هه‌واڵی زیاتر