سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

بەرپرسێکی یەکێتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو ئەویش بەرەو ئەڵمانیا هەڵات

وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێم لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى لەسەر بەڕێوەبەرى پێشووى هاتوچۆى سلێمانى پێکهێناوە و فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەرکردووە، ئەویش پێش دەستگیرکردنى بەرەو دەرەوەى وڵات هەڵهاتووە.

نوسراوەکەى لیژنەى لێکۆڵینەوەى وەزارەتى ناوخۆ ئاماژەى بەوە کردووە، کە فەرمانى دەستگریکردنیان بۆ بە ڕێوەبەرى پێشووى پۆلیسی هاتوچۆى سلێمانى دەرکردووە.

وەک لە نوسراوەکەدا هاتووە، بە تۆمەتى تۆمارکردنى ژمارەیەک ئۆتۆمبێل بە مەنەفێستى ساختەى گومرگى و تۆمارکردنى دەیان ئۆتۆمبێلى زرێپۆش(درع)ى بێ سەرەتا و خوار مۆدێل و پێچەوانەى ڕێنماییەکانى هاتوچۆ لە بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى سلێمانى.

لیژنەکەى وەزارەتى ناوخۆ ئەوەشی روونکردووەتەوە، ئەو کارە نایاساییانەى کاتێک ئەنجامداوە کە بەڕێوەبەرى بەشی تۆماربووە، رسوماتى پێویستى لە بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکان وەرنەگرتووە و ئەوەش زیانى بە داهاتى گشتى گەیاندووە.

بەپێى مادەى هەشت بڕگەى دووەم لە یاسای بنەماکانى دادگایی کردنى سزاى هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ ژمارە ١٧ى ساڵى ٢٠٠٨ بڕیاردراوە بە دەستگیرکردنى بەڕێوەبەرى پێشووى پۆلیسی هاتوچۆى سلێمانى، کە تۆمەتبارە بە مادەى ٢٣١ لە یاساى سزاکانى عێراق ژمارە ١١١.

بەپێى زانیارییەکان، بەڕێوەبەرى پێشوى هاتوچۆى سلێمانى کە فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەرچووە، ئێستا لە ئەڵمانیایە.

هه‌واڵی زیاتر