رۆژنامەی ئۆڵ ئیسرائیل نیوز، لە راپۆڕتێكیدا بڵاوی كردەوە كە فڕۆكەكانی ئیسرائیل، بەرەبەریانی ئەمڕۆ هێرشیان كردووەتە سەر بنكەیەكی سەربازیی لە پارێزگای بابل 50 كیلۆمەتر لە باشووی بەغدای پایتەختی عێراقەوە.
رۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەیەكی هەواڵگریی ئەمەریكاوە ئاماژەی بە ئەوە داوە كە پێدەچێت هێرشەكە بە فڕۆكەی جۆری F-35 دروستكراوی ئەمەریكا ئەنجام درابێت، فڕۆكەكان دەتوانن سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ببەزێنن بەبێ ئەوەی كە بدۆزرێنەوە ئامانج دەپێكن.
بەپێی رۆژنامەكە هۆكاری بۆردومانكردنی ئەو بنكە سەربازییە ئەوە بووە كە سەر بە ئێران بووە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەمەریكا و ئیسرائیل، نكۆڵی لەوە دەكەن كە لە پشت هێرشەكەی كەمپە سەربازییەكانی حەشدی شەعبی بن لە بابل، ئەمەش لە كاتێكدایە كە شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بڵاوی كردەوە كە راپۆرتی بەرگریی ئاسمانی عێراق جەختی كردووەتەوە كە لە پێش و پاش بۆردومانەكەش هیچ فڕۆكەیەكی جەنگی لە ئاسمانی شوێنی بۆردومانكردنەكە نەبووە.
شانهی ڕاگهیاندنی ئەمنیی عێراق، لهبارهی رووداوەكەوە رای گەیاند كە بهرهبهیانی ئهمڕۆ له سهربازگهی كالسۆ له باكووری شاری بابل تەقینەوەیەك رووی داوە، كه بارهگاكانی حهشدی شهعبی و سوپای عێراق و پۆلیسی لێیه، كارمهندێكی حهشدی شهعبی كوژراوه و ههشت كهسیش بریندارن.