بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ئاگر لە ژمارەیەک دووکانی بازاڕی چەلێی سەنتەری شاری دهۆک کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە دەیان دووکان سووتاون و هێشتا نەتوانراوە کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکرێت.
سەرچاوەیەک رایگەیاند، چەندین تیمی بەرگری شارستانیی دهۆک سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن و بەگوێرەی زانیارییەکان سەدان دووکانی بازاڕە سووتاون و زیانێکی زۆری ماددی بەر پیشەوەرانی بازاڕەکە کەوتووە و هێشتا ئاگری بەشێک لە کۆگا و دووکانەکان نەتوانراوە بکوژێنرێتەوە.
هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نەزانراوە و پێشبینی زیانێکی زۆری ماددی دەکرێت بەهۆی ئەوەی زۆرینەی دووکاندارەکان بۆ جەژن کاڵایەکی زۆریان هێناوەتە دووکانەکانیان.