سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

لەکاتی پەڕینەوەی بەلەمێکی کۆچبەران بۆ بەریتانیا، لانی کەم پێنج کۆچبەر خنکان، لەنێو قوربانیاندا منداڵێک هەیە.

لەکاتی پەڕینەوەی بەلەمێکی کۆچبەران بۆ بەریتانیا، لانی کەم پێنج کۆچبەر خنکان، لەنێو قوربانیاندا منداڵێک هەیە.
میدیای بەریتانی پشتڕاستی دەکاتەوە بەلەمەکەی کۆچبەران زیاتر لە 110 کۆچبەری هەڵگرتووە، بەگوتەی پاسەوانی سنووری فەرەنسا، رووداوەکە لە کەناراوەکانی ویمۆرۆ لە نزیک فەرەنسا روویداوە.
رۆژنامەکانی فەرەنسا دەڵێن 100 کەس لەلایەن تیمێکی فەرەنسی رزگارکراون، بەڵام پاسەوانی سنووری فەرەنسا پێشبینی دەکات ژیانی خەڵکی زیاتر لە مەترسیدابێت و، ژمارەی قوربانیان بەرزبێتەوە.
لێکۆڵینەوە لەم رووداوە لەلایەن فەرەنسا دەستیپێکردووە؛ روون نییە بەلەمەکە ژێرئاوکەوتووە یاخود کۆچبەرەکان لەسەر بەلەمەکە کەوتوون.
رووداوەکە تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە دێت؛ شەوی رابردوو پەرلەمانی بەریتانیا پڕۆژەیاسای ناردنی کۆچبەرانی بۆ رواندا پەسند کرد، ئەگەر ئەنجوومەنی لۆردەکانیش پەسندی بکات، بەگوتەی ریشی سووناک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لەماوەی 10 بۆ 12 هەفتەی دیکە، یەکەم کاروانی کۆچبەران بە فڕۆکە دەنێردرێن بۆ رواندا تاوەکو کەیسەکانیان یەکلادەکرێتەوە.
جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە توویتێکدا لەسەر رووداوەکە رایگەیاند، “پێویستە ئەم تراژیدیایانە بوەستن. بارودۆخێک قبوڵ ناکەم کە ژیانی زۆر خەڵک لەنێوببات.”
کلیڤەرلی گوتی، حکومەت ئەوەی لەتوانایدابێت دەیکات بۆ ئەوەی ئەو بازرگانییە بووەستێنێت، بەلەمەکان رابگرێت و لەسەرووی هەمووشیانەوە ”مامەڵەی ئەو چەتە شەڕانگێزانە کۆتایی پێبهێنرێت کە قاچاخچیێتی بە خەڵک دەکەن.”
پلانی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا کە ناونراوە “هاوبەشیی کۆچبەری و گەشەسەندنی ئابووری لەنێوان بەریتانیا و رواندا” یاخود “پلانی پەناخوازی رواندا” بۆ یەکەمجار لە نیسانی 2022 لەلایەن پرێتی پاتێل، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا و ڤینسێنت بیروتا، وەزیری دەرەوەی رواندا واژۆی لەسەر کرا.
پڕۆژەکە وابوو؛ ئەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی دەگەنە بەریتانیا، دەنێردرێنە رواندا و لە چەند هۆتێلێکدا نیشتەجێ دەکرێن تاوەکو مامەڵەی داوای پەناخوازیان یەکلادەبێتەوە، بەڵام لەژێر گوشاری نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دادگەی باڵای بەریتانیا، پڕۆژەکە راگیرا، بەو پێیەی گەرەنتیی سەلامەتی کۆچبەران نەدەکرا.
ریشی سووناک سێیەم سەرۆکوەزیرانە کار لەسەر ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا دەکات، ئێستا بە پڕۆژەیاسایێکی نوێ گەڕاوەتەوە کە ناوی ناوە “پڕۆژەیاسای سەلامەتی رواندا” و راشیگەیاندووە لەو پڕۆژەیاسایەدا سەلامەتی کۆچبەران لەبەرچاو گیراوە.
هه‌واڵی زیاتر