سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

نەخۆشخانەكەی كۆسرەت رەسوڵ بەناوی خێرخوازی دروستکرا و ئێستا گرانترین نەخۆشخانەی كوردستان و عێراقە

نەخۆشخانەی (پار)كە بە ناوی نەخۆشخانەی خێرخوازی باشترین زەوی لە ناوەڕاستی ھەولێر و ١٠ ملیار دیناری لە حكومەت وەرگرت، ئێستا بە گرانترین نەخۆشخانەی عێراق و كوردستان دادەنرێت.

بەپێی بەدواداچوونێكی ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێر: بە بەراورد لەگەل نەخۆشخانەكانی دیكەی عێراق و كوردستان، نرخی پشكنین و تیشك و بینینی دكتۆر و مانەوە لە نەخۆشخانەی (پار)ـی سەر بە كۆسرەت رەسوڵ گرانترین نەخۆشخانەیە.

لەم باریەوە، نادر خورشید ھاوڵاتی شاری ھەولێر بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری ڕاگەیاند: ھەفتەی ڕابردوو سێ رۆژ لە نەخۆشخانەی (پار) خەوێنرام، بۆ ئەم سێ رۆژە بڕی (٧٨٠) ھەزار دیناریان لێ وەرگرتم تەنھا بۆ مانەوەم جگە لە كڕینی داو و دەرمان كە لە دەرمانخانەكەی ئەوێ دوو بەرامبەرە.

ئەم ھاولاتیە گوتیشی: سەرتا كە چوومە نەخۆشخانەكە نرخی ژۆرەكانیان پێ پیشان دام، ژۆری وا ھەبوو نرخی یەك شەو مانەوەی ٤٠٠ ھەزار دیناری عێراقی بوو و ئەوەی من ھەڵمبژارد نرخەكەی ١٣٠ ھەزار بوو بەلام “بەقودرەتی قادر سێ رۆژ كردی بە ٧٨٠ ھەزار”.

ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێر پەیوەندی بە چەند كەسێكی ناو وەزارەت كرد و ئامادەنەبوون زانیاری بدەن، بەلام سەرچاوەیەك لە وەزارەتەكە ڕازی بوو بەبێ ناو ھێنان بۆمان بدوێت و ئاشكرای كرد: سەرەتا نەخۆشخانەی (پار) بە ناوی نەخۆشخانەی خێرخوازی داوای شوێنێكی گرنگی لە وەزارەتی تەندرۆستی كرد، ئەوکات بەھۆی ھەبوونی دەستھەلاتی رەھای یەكێتی لەناو وەزارەتی تەندروستی بەبێ بەبێ دواداچوون داوا لە حكومەت كرا باشترین شوێینی بۆ دەستنیشان بكرێت، بۆیە لە شەقامی ٦٠ مەتری ھەولێر كە سەنتەری شارەكەیە باشترین زەوی پێدرا.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: لە ئێستادا ئەم نەخۆشخانەیە گرانترین نەخۆشخانەی كوردستان و عێراقە و ئێمە لە ستافی وەزارەتی تەندرۆستی دەیانجار گلەیی خەڵكمان لەم نەخۆشخانەیە گەیاندووە بە وەزیری تەندرۆستی ئەوکات کە سەر بە پشکی یەکێتی بوو بەڵام چونكە وەزیر سەربە حزبەكەی كۆسرەت رەسوڵ بوو، بێدەنگی ھەڵبژارد.

پێشتریش دەستەی نەزاهەی هەرێمی كوردستان دۆسیەیەكی گەندەڵی نەخۆشخانەی “پار”ی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەجوڵێنێت، بەڵام بە دەستێوەردانی حزبی بێدەنگی لەدۆسیەكە دەكرێت ‌و لێكۆڵینەوەكە سڕ دەكرێت.

دۆسیەی گەندەڵی نەخۆشخانەكە ئەمەیە: كە لەكاتی دروستكردنی نەخۆشخانەی پار لەشاری هەولێر سەرپەرشتیارانی نەخۆشخانەكە داوا لەحكومەتی هەرێم دەكەن كە دەیانەوێت نەخۆشخانەیەكی خێرخوازی لەشاری هەولێر دروست بكەن‌ و بۆ ئەوەش داوای هاوكاری دارایی لەحكومەت دەكەن بۆ كڕینی ئامێرەكانی نەخۆشخانەكە و حكومەتی هەرێم لەسەر بنەمای دامەزراندنی نەخۆشخانەیەكی خێرخوازی بڕی 10 ملیار دیناریان دەداتێ‌ بۆ كڕینی ئامێرە پزیشكییەكان.

11/ 2/ 2013 نەخۆشخانەی (پار) لەهەولێر لەسەر ئەركی كۆسرەت رەسوڵ دروست كراو لە رێورەسمی كردنەوەیدا دەرباز كۆسرەت رەسول رایگەیاند: نەخۆشخانەكە خۆبەڕێوەبەری قازانج نەویستە و ئامانج لێی خزمەتكردنە بە ھاوڵاتیانی كەم دەرامەت و كەمئەندامانی سەنگەر.

نەخۆشخانەی (پار) ناوەكەی لەیەكەم پیتی ناوی كورەكانی كۆسرەت رەسوڵ عەلی پێكهاتووە “پێشڕەو، ئاراس، رێباز”، كە ئێستا لە ژیان نەماوەن.

بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێر لە ساڵانی 2015 بۆ 2016 هەوڵی لێسەندنەوەی ئەو بڕە پارەیە دراوە بەڵام هەتا ئێستا هیچ ئەنجامی نەبووە.

هه‌واڵی زیاتر