سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

حکومەتی ھەرێم قسەی کۆتایی لەسەر ھەژماری من کرد

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان  ڕای گەیاند، پرۆژەی هەژماری من لە پرسی مووچەدا “ئەولەویاتی” حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و هەر چارەسەرێک لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر حسابی پڕۆژەی هەژماری من بێت،  ڕەتی دەکەینەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 25 نیسانی 2024، پێشەوا هەورامی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “هەژماری من یەکێکە لە ئەولەویاتەکانی حکوومەتی هەرێم و بەلایەوە گرنگە، گەر هەژماری من قبوڵ نەکرێت جۆرێکە لە بیانوو گرتن و گێچەڵ کردن، چونکە ئەوەی لەناو هەژماری مندا هەیە زۆر زیاترە لەوەی لە عێراق کراوە و پێیدەوترێت تەوتین [بە نیشتیمانی کردن].”

چاوەڕوان دەکرێت لەماوەی داهاتوودا وەفدێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بۆ گفتووگۆکردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق. چارەسەرکردنی کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر هەژماری من و پرسی بە ئەلیکترۆنی کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم یەکێک دەبێت لەتەوەرەکانی گفتووگۆی نێوانیان.

لەمبارەوە پێشەوا هەورامی ڕای گەیاند، “تەوتین تەنیا کارتێکی مووچەوەرگرتنە نەک هەژماری بانکی و بەشێک لەو بانکانەش نیشانەی پرسیاریان لەسەرە، بۆیە بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێین و چارەسەرەکەش لەسەر حسابی دەستبەرداربوون نییە لەهەژماری من. فەرمانبەری عێراق سەرپشک کراوە لە بانکی ئەهلی یان حکوومی تەوتین بکات، بۆچی بۆ فەرمانبەری هەرێم ئەمە سنوردار کراوە؟”

لای خۆشییەوە، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکوومەتی هەرێم کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “پێدەچێت بەم نزیکانە هەرێم و بەغدا لەسەر هەژماری من گفتووگۆ بکەن، ئەوەی بووەتە هۆی گرفت ئەو بڕگەیەی بڕیاری دادگای فیدراڵییە بۆ دابەشکردنی مووچە لە ڕێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە، ئەگینا لەڕووی تەکنیکییەوە تەوتین و هەژماری من یەک پرۆسەن.”

هەروەها گوتیشی، “گەر دادگای فیدراڵی ڕوونکردنەوە بدات و مەسەلەکە بخاتە لای بانکی فیدراڵی عێراق کە پسپۆڕی خۆیەتی، کێشەکە چارەسەر دەبێت. پێشموانییە هەرێم دەستبەرداری هەژماری من ببێت.”

هه‌واڵی زیاتر