سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

ئەگەر لەتیف رەشید ئەم كارە بكات، مێژوو تۆمار دەكات

ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان رایدەگەیەنێت، سەركۆماری عێراق دەسەڵاتی دەستووریی هەیە و دەتوانێت لە چوارچێوەی پاراستنی دەستوور، بڕیارە سیاسییەكانی دادگای فیدڕاڵیی عێراق لە دژی هەرێمی كوردستان رابگرێت.

یاساناس بژار عەلاف، ئەندامی ئەنجوومەنی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان رايگەیاند، بەپێی دەستووری عێراق، سەركۆمار دەسەڵاتێكی هەیە كە تا ئێستا بەكاری نەهێناوە، ئەویش چاودێریكردنیەتی بەسەر بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی.

ڕوونیشی كردەوە: ”لە ماددە ٦٧ی دەستووردا هاتووە (رئيس الجمهورية هو رئيس الدولة ورمز وحدة الوطن يمثل سيادة البلاد، و يسهر على ضمان الالتزام بالدستور…) كە ئەمەش پێمان دەڵێت سەركۆمار پارێزەری دەستوورە، هەر ئەم بڕگەیە ئەو دەسەڵاتەی پێدەدات كە چاودێریی دادگای فیدڕاڵی بكات.“

ڕوونیشی كردەوە: ”هەرچەندە لە چوارچێوەی دەسەڵاتەكانی سەركۆماردا بە ڕاشكاوی نەنووسراوە كە سەركۆمار دەتوانێت بڕیاری دادگای فیدڕاڵی رابگرێت، بەڵام بڕگەی ١٠ی ماددە ٧٣ی دەستوور كە دەڵێت (ممارسة اية صلاحيات رئاسية أخرى واردة في هذا الدستور – سەركۆمار مومارەسەی هەر دەسەڵاتێكی دیكە دەكات كە لەم دەستوورەدا ئاماژەی پێدرابێت)، مانای وایە مافی هەیە مومارەسەی هەموو بڕگەكانی ماددە ٦٧ی دەستووریش بكات كە یەكێك لە ئەركەكانی بەپێی ئەو ماددەیە، پارێزگاریكردنە لە دەستوور.“

بژار عەلاف گوتیشی: ”سەركۆمار چۆن دەستوور دەپارێزێت و مەبەستی ئەو ماددەیە چییە؟ ئایا چەكێكی دەدرێتە دەست و لە تەنیشت دەستوور دادەنیشێ و دەیپارێزێت؟ یان دەسەڵاتێكی دیاریكراوی هەیە؟ بە دڵنیاییەوە پاراستنەكە لە ڕێگەی ئەوەیە كە بتوانێ بەر لە هەر بڕیارێك بدرێت كە پێشێلكاریی دەستووری تێدابێت، ئەو مافە بە سەركۆمار دراوە تاوەكوو لە هەر حاڵەتێكدا هەستی بەوە كرد دادگای فیدڕاڵی بە هۆكاری سیاسی یان هەر هۆكارێكی دیكە دەیەوێ لە بڕیارەكانیدا لە دەستوور لابدات، بڕیارەكە رابگرێت.“

لەبارەی ئەوەی ئاخۆ راگرتنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لە لایەن سەركۆمارەوە دژیەكە لەگەڵ بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان؟ ئەو ئەندامەی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان گوتی: ”دەستوور دژی ئەوە نییە، هەر دەستوور لە بڕگەی هەشتەمی ماددە ٧٣ دەسەڵاتی داوەتە سەركۆمار كە واژۆ لەسەر بڕیاری دادگا بۆ لەسێدارەدان بكات، بەڵام سەركۆمار لە حاڵەتێكدا ئەگەر بینی هۆكارێكی پێویست هەیە بۆ راگرتنی سزای لەسێدارەدان، ئەوا سزاكە رادەگرێ و كەسیش ناڵێ پێشێلی بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان كراوە. لە كاتێكدا حوكمی ئیعدامیش حوكمی باتە، بەڵام سەركۆمار زۆر جار سزاكە رادەگرێت چونكە رەنگە ببێتە هۆی لەدەستچوونی سەقامگیریی سیاسی.“

لە كۆتاییشدا پارێزەر بژار عەلاف داوای لە سەركۆماری عێراق كرد، دەسەڵاتەكانی خۆی بۆ راستكردنەوەی ئەو ئینحرافە بەكار بهێنێت كە دادگای فیدڕاڵیی عێراق بە بڕیارەكانی لە دەستووردا دەیكات و لەجیاتی تەفسیركردنی بڕگەكانی دەستوور، خۆی دەخاتە جێگەی یاسادانەر و دەقی نوێ دادەهێنێت كە بەهۆیانەوە خەریكە سەقامگیری و ئاییندەی عێراق دەكەوێتە مەترسییەوە.

عەلاف گوتیشی: ”ئەگەر بەڕێز لەتیف رەشید سەركۆماری ئێستای عێراق، كارێكی وەها بكات، هەم عێراق لە فیتنە و ئاشووبێكی گەورە و ئایندەیەكی تاریك رزگار دەكات، هەم مومارەسەی دەسەڵاتێكی دەستووریی خۆی دەكات، هەم مێژووش بۆ خۆی تۆمار دەكات.“

وەرگراوە لە باسنیوز

هه‌واڵی زیاتر