ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی بۆ یەكێتی: كێ دەستی گرتوون بۆ ناچنە قەندیل؟

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دەلێت: ئەوەی یەكێتی لە میدیاكانی دەیكات دەربارەی ھاتنی سوپای توركیا موزایدەی سیاسیە، ئەگەر وا نیە كێ دەستی گرتوون بۆ ناچن ھاوكاری پەكەكە بكەن لە قەندیل؟

عه‌لی عه‌ونی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دەربارەی ڕاپۆرت و ھێرشە میدیاییەكانی یەكێتی سەربارەت بە ھاتنی سوپای توركیا بۆ قەندیل بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری ڕاگەیاند:” ئەگەر ئەوان ڕاست دەکەن، کێ دەستی گرتوون؟ با ئێستا بڕۆن ھاوکاریی قەندیل بکەن ،پێویسته‌ یه‌كێتی واز لە ڕەفتاری مناڵانە بھێنێت و موزایەدە بەسەر خەڵکی کوردستانەوە نەکات”.

كاتێك توركیا ھێرشی كردە سەر عەفرین گروپێكی ناو یەكێتی خۆپێشاندانێكی گه‌وره‌یان له‌ سلێمانی بۆ پشگیری عه‌فرین رێكخست له‌و باره‌یه‌وه‌ عه‌لی عه‌ونی ده‌لێت”تەنھا دووڕووییان بۆ دەمێنێتەوە، چونکە بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکی کوردستان، ئەو جۆرە كارانە دەکەن، تاوەکوو بەخەڵکی بڵێن، ئێمە کوردایەتی دەکەین، بەڵام ئەگەر ئەوان ڕاست دەکەن، کاتێک بۆ پشگیری عەفرین خۆپیشاندان دەکەن، ئەی خێرە بۆ داگیرکردنی کەرکووک ھیچ جۆرە کەمپین و خۆپیشاندانێک ئەنجام نادەن؟ بەداخەوە ئەو کەسانەی ناو یەکێتی، پرسی کوردیان تێکەڵی موزایەدەی سیاسی کردووە”.

عه‌لی عه‌ونی هه‌روه‌ها ده‌شلێت”پێشتریش چەند کەسێکی ناو یەکێتی باسی ئەوەیان دەکرد کە حزبەکەیان بۆ ھاوکاریی (پەیەدە) ھێزی ناردووەتە کۆبانێ، بەڵام دواجار ئاشکرابوو کاتێک چەند کەسێکی ناو یەکێتی کە باسی کوردایەتی دەکەن، ئەوان ھەمیشە درۆیان کردووە و جگە لە فشەفش و بەخشینەوەی تۆمەت، ھیچی دیکە نەبووە، چونکە ئەوان ھاوکاری عەفرین و کۆبانێیان نەکردووەن”.

ھەواڵی زیاتر