دیوی دووەمی ھاتنی سوپای توركیا بۆ ناو ھەرێم

ھەكار ھەركی

چەند رۆژی ڕابردوو وێنەی و ڤیدیۆیی سەربازانی توركیا لەناو خاكی ھەرێم سوشیال میدیایی تەنیبوو، زۆر لەسەر ئەمە گوترا، من نامەوێ ئەوەی ئێوە گوێتان لێ بووە یان باسی لێوەكراوە دووبارە بەرگوێتاندا بدەمەوە، دەمەوێ دیوی دووەمی ھاتنی ئەو ھێزە باس بكەم.

چوون ھاتوون ؟

ھاتنە ناوەوەی سوپایەكی بیانی بە قولایی ١٥ كیلومەتر بۆ ناو خاكی دراوسێكەی كە سیادەی ھەیە و نوێنەری لە نەتەوە یەكگرتووەكان ھەیە ھندە ئاسان نیە، جا ئەو ولاتە توركیا بێت و ئەندامی ناتوو بێت و ولاتێكی ئیسلامی پاوان خواز بێت ھەر زۆر ئەستەمە ئەگەر نھێنیەكی لە پشتەوە نەبێت.

روونە كە بە درێژایی سنووری رۆژھەڵات و باكوور و باشووری كوردستان ھێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان حوكم دەكەن ھیچ بونەوەرێكی زەمینی ناتوانێت ئەم سێ سنوورە ببڕێت مەگەر پەكەكە رێگەی پێبدات، ئەی چوون سوپای توركیا بە دەیان چەكی قورسەوە گەیشتە گوندی بەرمیزە ؟ ئەمە بۆ زورێك پرسیارە بەلام لام روونە كە پەكەكە رێگای بۆ چوڵكردووە تا پێشی كراوە ھەوڵی داوە توركیا زیاتر بێتە ناو قوڵایی باشووردا.

ھاتنی ئەو ھێزە بە ئاگاداری ئەمریكا و عێراق:

ئێستا توركیا دەستھەلاتی ھەیە تا ١٥ كم بێتە ناو خاكی عێراق و سوریا بینیمان عەفرین و ئەعزازی داگیر كرد و ئێستا شەری سیاسی بۆ داگیركردنی منبج و كۆبانێ دەكات، ئەمەش بە بیانووی پاراستنی سنوورەكانی، بویە ھاتنی سوپای توركیا نە دەستی ھیچ حزبێكی باشووری لە پشتە و نە ھیچ حزبێكی باشوور ئەمەی پێ خۆشە، بەلام ھیچ حزبێكی باشوریش ناتوانێت دژی بوەستێتەوە(بە كردار).

بوچی ھاتوون؟

ھاتنی ھێزی توركیا بۆ داگیركردنی بەرمیزە و سیدەكان و سوران نیە، بەلكۆ مەبەست لێی بڕینی سەرچاوە دارایی و مروویەكانی پەكەكە و گەماروودانی قەندیلە، ئەمە بە روونی لەلایەن سوپای توركیاوە بە ھاولاتیانی ئەو گوندانە گوتراوە كە دەكەونە ماپی ئۆپەڕاسیۆنەكە، ھەروەھا دەشلێن: ھەر ناوچەیەك ئێمە لە (تیرۆرستان) پاكمان كردەوە ئامادەین رادەستی (پێشمەرگە یان سوپای عێراق)ـی بكەین، یان ئەگەر ئێوە بەلێن دەدەن پەكەكە نەگەڕێتەوە ئێمە ئەو شوێنانە چوڵدەكەین، چونكە ئامانجی سەرەكیمان پاككردنەوەی سنووری توركیایە لە (تیرۆرستان).

خوانی نێوان گوند نشینەكان و سوپای توركیا:

چەندین ساڵە ھاوڵاتیان و ئاژەلدارانی سنووری باشووری كوردستان بەدەست زۆلمی پەكەكەوە دەنالێنن، بەجورێك وای لێھاتووە ھاوڵاتیانی ئەم سنوورە خوزگە بە ھانی ھێزێكی بیانی بخوازن(بەداخەوە).

زوڵمی پەكەك چیە؟

-ھەر ئاژەلدارێك دەبێت سالانە ٪‏٣ـی ئاژەلەكانی بدات بە پەكەكە.

-داھاتی ئاژەلدارەكان وەك ماست و پەنیر و ژاژی ٪‏٣ـی بۆ پەكەكەیە.

-لەوەڕگاكان سنوورداركراون و روەندیەكان ناتوانن بە ئارەزۆی خۆیان شوێنەكانیان دیاری بكەن، بەلكۆ پەكەكە بویان دیاری دەكات.

-خوراكی گەریلاكانی سنووری ھەر گوندێك لە ئەستووی گوند نشینانە.

-ھۆكاری دیكە زۆرن…

(ئەم یاسایەنە لە زیاتر لە گوند نشینێكی ئەم سنوورە وەرگیراون)

ئەم ئۆپەراسیۆنە لەچ قوناغێكدایە ؟

تا ئێستا بەپێی زانیاڕیەكان ٪‏٥٠ـی خواكورك لەلایان توركیاوە داگیركراوە و چەند شوێنێكی دیكەی گرنگ لەدەست پەكەكە دەرھێنراون و ئەم دۆخە لەم سنوورە بەردەوامی دەبێت.

من وەك ھەكار كە كوردم داخبارم كە گوندنشینانی ھەرێمی كوردستان پێشوازی لە ھێزێكی فاشستی وەك توركیا دەكەن، چونكە ئەم ھێزە دەستی بە خۆێنی كورد سوورە بەلام بەڕاستی ھاوڵاتیانی ژێردەستی پەكەكە بێزارن لەو كەلەگاییەی پەكەكە و چەتەگەریەكەی، بۆ من جیاوازی نیە لە نێوان پاسدارێك كە دێتە قەلادزێ و جەندەرمەیەك كە دێتە بەرمیزە، بەلام ھاتنی جەندرمە بیانووی بۆ دوزراوەتەوە كە بریتیە لە پەكەكە.

كاتێك پەكەكە لە شنگاڵ بوو، حكومەتی ھەرێم دەیان جار تكای لە پەكەكە كرد چوڵی بكات بەلام نەیكرد و شەڕی براكوژی دروستكرد، بەلام كاتێك شنگال كەوتە دەست حەشدی شەعبی و پەكەكە دەیزانی توركیا وەك عەفرین دیتە ناو شنگال، بە چاوقوچانێك پەكەكە شنگالی چولكرد تەنھا بۆ ئەوەی برایانی حەشد لێی زۆیر نەبن!

چی دەبێت ئەگەر پەكەكە لەو ٢١٨ گوندە بكشێتەوە و رادەستی گوندنشینانی بكاتەوە بۆ ئەوەی توركیا بە بیانووی (تیرۆر) ئەم گوندانە داگیر نەكات ؟

مام جەلال لە ساڵی ١٩٩٢ لە پەڕلەمانی كوردستان گوتی: “پەكەكە شەڕێكی پیاوانە لەگەل توركیا ناكات، لە خاكی ھەرێمەوە دەچێت تەقە لە قەرەقولێك دەكات و دەگەڕێتەوە و بەم ھویەشەوە توركیا ناچار دەبێت ھەرێم توپباران بكات، ھەروەھا گوتی: ئامانجی پەكەكە لە ھاتنە ناو خاكی باشوور تێكدانی ئەم دەستكەوتەیە كە بەدەست ھاتووە و دەیەوێ لەناوی ببات”.

ھەكار ھەركی

٢ـی ٦ـی ٢٠١٨

ھەواڵی زیاتر