تورکیا فەرمانی دەستگیر کردن بۆچەند ئەفسەرێکی ئەمریکی دەردەکات

دوای دەستگیر كردنی قەشەكە لە توركیا هەوڵ دەدرێت بۆ ئەوەی فەرمانی دەستگیر كردن بۆ چەند ئەفسەر و فەرماندەیەكی ئەمریكی لە بنكەی ئەنجەرلیك دەربكرێت

بەگوێرەی هەوالێك كە ئاژانسێكی نزیك لە ئێران بەناوی تەنسیم دوێنێ شەممە (4.8.2018) بڵاوی كردووەتەوە،  ئەنجومەنی داكۆكی و دادی كۆمەڵایەتی توركیا داوای كردووە كە جۆزف ڤووتل، فەرماندەی ئەركانی ناوەندیی سوپای ئەمریكا و یازدە ئەفسەری هێزی ئاسمانیی ئەمریكا لە بنكەی ئینجەرلیك دەستگیر بكرێن.

ئەو داوایە كە لە رێی پارێزەری ئەو ئەنجومەنە بەرز كراوەتەوە ئەو فەرماندە ئەمریكیانە بە تۆمەتی دەورگێڕان لە كودەتاكەی 15 تەموزی ساڵ 2016بووە.

بەرزان تۆپراك،  پارێزەری ئەم ئەنجومەنە لە دادگای ئەدەنە چەند بەڵگەیەكی پێشكەش كردووە بەداداگای راگەیاندووە كە ئەو ئەفسەر و فەرماندە ئەمریكیانە هاوئاهەنگیان كردووە لەگەڵ گرپی فەتحوڵا گولەن كە تاوانبار كراون بە ئەنجامدانی كودەتا سەربازیەكە.

داوای دەستگیر كردنی ئەو فەرماندە ئەمریكیانە لە كاتێكدایە كە ماوەیەكە توركیا و ئەمریكا بەهۆی دەستگیركردنی قەشە ئەندرۆ برۆنسۆن ئاڵزی كەوتووەتە نێوانیانەوە و لە دواین كاردانەوەشدا ئەمریكا سزای بۆ هەریەكە لە وەزیرانی داد و ناوخۆی توركیا دەركرد.

بنكەی ئاسمانیی ئەنجەرلیك كەلە ئەدانەی توركیایە لەساڵی 1953 و دوابەدوای ڕێككەوتنی نێوان ئەمریكا و توركیا بۆ سود وەرگرتنی هاوبەشی سەربازی دامەزرا.

ھەواڵی زیاتر