ئومێد خۆشناو: سەردانی چەند حزبێک بۆ لای عەبادی سواڵی دەنگە بۆ هەڵبژاردنی ئایندە

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، سەردانی چەند لایەنێکی هەرێمی کوردستان بۆ لای سەرۆک وەزیرانی عێراق، ”سواڵی دەنگە بۆ هەڵبژاردنی ئایندە“.

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە وتارێکدا کە بە ناونیشانی (بەغدا نیوەی ڕێتان بێت) نووسیویەتی، پرسیاری ئەوەی کردووە کە ئاخۆ ئەوانەی ڕۆژی پێنجشەممە 4/1/2018 لە بەغدا بوون، چەند جار پڕ بە قورگیان ھاواریان دەکرد کە نابێت شاندی حزبی بچنە بەغدا؟ ئەوەش ناشارێتەوە، ”ئێستا نییە، دەمێکە و عەیامێکە، کوڕگەلێک ھەن، ھەمیشە تامەزرۆی بەغدان“.

لەبارەی ئامانجی ئەو لایەنانەش کە چوونەتە بەغدا، ئومێد خۆشناو ڕای گەیاندووە: ”سواڵی دەنگ بۆ ھەڵبژاردنی ئایندە دەکەن“. هەروەها ”ھەوڵێکە بۆ زێتر لاوازکردنی کوردستان و شکانی شکۆ و ھەیبەتی گەلێک“.

ئومێد خۆشناو باس لە لادانی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک دەکات و دەڵێ: ”لە کاتێک جەماعەتی ئەولا، لە دیوەخانی عەبادی قاوەی عەرەبییان نۆش دەکرد، ھەر لەو دەم، دوایین ئاڵای کوردستان لە کەرکووک لادرا“.

جەختیش لەوە دەکاتەوە کە پێویستە چیتر باس لە یەکڕیزیی نیشتمانی نەکرێت و ئاماژە بەوە دەکات: ”یەکڕیزی بە تۆبز و فشار و شەڕە مل دروست نابێت“.

لە کۆتاییشدا جەخت لەوە دەکاتەوە: ”لە مێژوودا زۆرێک ھاتن و چوون، حەزیان بە بەغدا کرد و ھیچ بەدەست لێی دەرچوون. ئێوەش بڕۆن، بەغدا نیوەی ڕێتان بێت، بەڵام کە ھاتنەوە ئاوڕێک لە ڕابردوو دەنەوە“.

ئەمە لە کاتێکدایە کە شاندێکی بزووتنەوەی گۆڕان و پاشكۆكانی،(كۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری) سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقیان کرد و لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە کە چاودێران پێیانوایە، ئەو سەردانە و ڕێککەوتنەکانی دواتری، دەبێتە هۆی پێداگریی زیاتری بەغدا لەسەر نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و لاوازبوونی ئەو ئەگەرەی کە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لەئارادایە.

ھەواڵی زیاتر