جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕونکردنەوەیەکی لەسەر دانپێدانانەکانی خۆبەخشەکانی بڵاوکردەوە

دوای ئەوەی ئاسایشی یەكێتی چەند دانپێدانانێکی ئەندامە زیندانیکراوەکانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بڵاوکردەوە، جوڵانەوەکەش ڕوونکردنەوەیەکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە.

رونکردنەوەیەک لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ

پاش ئەوەی ماوەی ١٥ رۆژە ئاسایشی سلێمانی چەند خۆبەخشێکی نەوەی نوێی فراندوە و ناهێڵێت نە پارێزەر و نە هیچ کەس چاوی پێیان بکەوێت و بە پیی وتەی هەندێک سەرچاوە، لە زیندانی ئاسایشدا ئەشکەنجە دەدرێن و بێ بەشن لە بچوکترین مافی خۆیان وەک مرۆڤ.

ئەمڕۆ ئاسایشی یەکێتی لە سیناریۆیەکی قێزەونی چەندبارەدا، کۆمەڵێک گەنج و خۆبەخشی هێناوەتە سەر شاشەکانی تەلەفزیۆن و چەند قسەیەکی پێ بڵاوکردونەتەوە دوای ١٥ رۆژ لە زیندانیکردنیان.

ئێمە وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ جگە لەوەی هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە کە ئەو وتانە و ئەو سیناریۆ قێزەونانەی “ئەمنی عامەی” سلێمانی دورن لە راستیەوە و سەرتاپای درۆی شاخدارن کە ئامانج لێی لێدانە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و خودی سەرۆکی جوڵانەوەکە و لاوازکردنی ئەم هێزە ئۆپۆزسیۆنە ئازایەیە کە لە ماوەی رابردودا هەڵوێستی ئازایانە و رونی هەبووە و هەمیشە لە بەرەی هاوڵاتییاندا بووە.

بەڵام بە پێویستیشی دەزانین کە چەند راستیەک و سەرنجێک بۆ هاوڵاتییانی بەشەرەفی کوردستان بخەینەڕوو:

١- ئەم گەنجە بێ چەکانەی دەستگیرکراون ماوەی ١٥ رۆژە لە “ئەمنی عامەی” سلێمانی دەستبەسەرن و کۆمپیوتەر و مۆبایل و هەموو کەلوپەلیان گیراوە، خێرە ئێستا دوای ١٥ رۆژ تەنها کۆمەڵە وتەیەکیان بڵاودەکرێنەوە؟ ئەی ١٥ رۆژە بۆچی ئەم وتانەتان بڵاونەکردۆتەوە گەر ئێوە راست دەکەن و ئەگەر ئەوانە وتەی راستەقینەی دڵی ئەو خۆبەخشانەن؟

٢- ئەم دانپێدانانە تەنها دوو رۆژ دوای لێدوانی فەرمیی وتەبێژی دادگای سلێمانی دێت کە رایگەیاند ئەم کەیسە نە کەیسی شاسوار عەبدولواحیدە و نە هی نەوەی نوییە و تا ئێستاش ناوی شاسوار عەبدولواحید نەهاتوە، ئەی خێرە راستەوخۆ دوو رۆژ دوای ئەم لێدوانەی دادگا، ئەم دانپێدانانە ساختەیە بڵاودەکەنەوە؟ ئایا گەر دادوەر و دادگا لە ماوەی ١٥ رۆژی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەدا هیچ دانپێدانانێکیان لەبەردەست نەبوبێت، خێرە بەم رۆژی هەینییە کە نە دادگا هەیە و نە دەوامی فەرمییە، کەچی وتەی ئەوانە بڵاودەکەنەوە؟

٣-“ئەمنی عامەی” سلێمانی خێرە ناهێڵێت ئەو کەسانە نە پارێزەریان هەبیت و نە کەس بیانبینێت؟ ئەگەر دۆسیەکە ئاسایی بوایە و ئەوانە بە راستیی وتەی لەو جۆرەیان بدایە، خێرە نەتانهێشتوە هیج کەس بیانبینیت و هەروەها رێنادەن پارەێزەریان هەبێت و نایشیانبەنە بەردەم دادوەر لە دادگا و دۆسیەکە رادەستی پۆلیس ناکەن؟

٤-لە ماوەی ١٥ رۆژی رابردودا تەنها یەکەم رۆژ (٢٠١٩/٥/٢٥) یەکێک لەو دەستگیرکراوانە لەبەردەم دادگا ئامادە بووە و دواتر ئەو رێگەیەیشیان لیگیراوە و دەستگیرکراوەکان نەدەهێنران بۆ بەردەم دادگا، بەلام لە یەکەم رۆژدا یەکیک لەو گەنجانە (رەوەند حیکمەت) لەبەردەم دادوەردا ئامادەکراوە و وتەی فەرمیی بەردەم دادوەری هەیە و بە رونیی وتوێتی ئێمە هیج کارێکی لەو شێوەیەمان نەکردووە و بە هیج شێوەیەکیش سەرۆکی جولانەوەکە هیچ شتێکی پێ نەوتوین کە دژ بیت بە پەرلەمانتاران یاخود هەر کەسێکی تر و، ناوبراو نامەیەکی سەرۆکی جولانەوەکەی پێگیراوە کە سەرۆکی جولانەوەکە پێی دەڵێت (هیچ تەشهیر و قسەیەک بە هیچ کام لەو ئەندامە نارازییانە مەڵێن) و ئەم نامەیە لەبەردەم دادوەردا هەیە و جێگیرکراوە لە ئەوراقی دادگادا، کەچی خێرە ئێستا ئەو وتانەی بەردەم دادوەر ئاشکرا ناکەن و بە پێچەوانەوە وتەی دەستگیرکراوەکان پێچەوانە بونەتەوە؟

٥-ئەم سیناریۆیانەی دەسەڵات کە لە مێژوی ٢٨ ساڵی رابردودا بەردەوام خەریکی بووە و هەر جارە و هێزێکی ئۆپۆزسیۆن یان نەیارێکی دەسەڵاتی گرتۆتەوە، ئەوا ئێمە ناترسێنێت و دڵنیاشین کە هاوڵاتییان بە هیچ شێوەیەک باوەڕ بەم سیناریۆ قێزەونانە ناکەن و

دوارۆژ راستیەکان دەردەخەن، و هەموو هاولاتییانی کوردستان باش لە بیریانە کە لە سەروبەندی هەلبژاردنەکانی ٢٠١٤دا چۆن کۆمەڵیک خەلکتان هێنایە سەر شاشە و چۆن دواتر دەرکەوت هەمو ئەو وتانە بە زۆر و لە ژێر فشاردابوون.

بۆیە لە کۆتاییدا ئێمە رای گشتی و هەمو لایەنە نێودەوڵەتی و عێراقی و ناوخۆییەکان تێدەگەێنین و دڵنیایان دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین و ئەم درۆ و سیناریۆیانە نەک ساردمان ناکەنەوە، بەلکو دەمانگەێننە ئەو قەناعەتەی کە دەسەڵات و بە تایبەت یەکێتی لە سلیمانی باش ترسی هەیە لە جولانەوەی نەوەی نوێ، بۆیە ئێمە هەمو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە بەردەوامین و رۆژگاریش راست و درۆ دەردەخات و لە کۆتایشدا ڕوڕەشی تەنها بۆ ئەو هێزە ناشیرینە قێزەونانەیە کە خەریکی ئەم جۆرە سیناریۆ ناشیرینانەن.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ- ٢٠١٩/٥/١٠

ھەواڵی زیاتر