شەستییەكەی قوباد تاڵەبانی و سەدوپەنجاییەكەی نێچیرڤان بارزانی

بیروڕا – محەمەد رەئوف

هێشتا 120 مەتریەكە تەواو نەبوو شەقامی 150 مەترسیەكەش دەستی پێكرد لە هەولێر، لە سلێمانیش هەر بەدەوری 60 مەتریەكەدا دەسوڕێنەوە, ئەمە ئەو نمونەیە كە زۆرێك لە ئاگایان ئاماژەی بۆ دەكەن و پێیان وایە ئەمە ناعەدالەتیە لە خزمەتگوزاری و پرۆژەكاندا.

بەڵام تەنها ناعەدالەتی هۆكار نیە، ئەوەی لە هەولێر دەگوزەرێت نموزەجی پارتی و نێچیرڤان بارزانیەو ئەوەی لە سلێمانیش دەگوزەرێت نموزەجی یەكێتی و قوباد تاڵەبانیە, لە ساڵی 2014 و كابینەی هەشتی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و ( سەرۆكی حكومەتی ناوچەی سەوزە), هەموو بەرپرسیارێتی و بڕیارێكی ناوچەی سەوزی لە ئەستۆ بووەو كەمتەرخەمی و نەكردنی لە ئەستۆی قوباد تاڵەبانی بووە.

لە گەرمەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا ئازاد بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بە راشكاوانە وتی هۆكاری پێشكەوتنی هەولێر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە” ئەو بودجەیەی تەرخانكراوە بۆ هەولێر 80% خەجكراوەو 20% دزراوە, بەڵام لە سلێمانی 20% خەرجكراوەو 80%ی دزراوە”

هاوكات بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانان بۆ پرۆژەی پترۆدۆلار 74%ی پارەی تەرخانكراو بۆ پرۆژەكان لە هەولێر خەرجكراوەو لە سلێمانی 45%ی خەرجكراوە.

بەڵام ئەمە هۆكارە سەرەكیەكە نیە بۆ نەبونی پرۆژەكان لە سلێمانی و زۆربوونی لە هەولێر.

1- ناوچەی زۆنی ” سەوز” سلێمانی بەدەست فرە كوێخایی و نەبونی ئیستقراری سیاسی و حزبیەوە دەناڵێنێت” پەرتەوازەیی حزبی لە سلێمانی بۆتە هۆی بەهێزی پارتی و لاوازی هێزەكانی تر” ئەمەش وا دەكات سەرمایەداران ترسیان هەبێت لە خستنە گەڕی سەرمایەكانیان, چونكە خستنەگەری سەرمایە پێویستی بە ئیستقاری سیاسی و ئەمنیە.

2- بەشێك لەو پرۆژانەی لە هەولێر دەكرێن لەلایەن سەرمایەدارانەوە دەكرێن، ئەویش لەشوێنی تر و بە شێوازی تر حكومەت و حزبی فەرمانڕەوا تۆڵەیان بۆ دەكەنەوەو كار ئاسانیان بۆ دەكەن.

3- سەرمایەدارەكانی سلێمانی نازانن لەگەڵ كێ مامەڵە بكەن و كێ پشتیوانیان بێت, بە جۆرەها شێوە سەرانەیان لێدەستنێرێت یاخود پشكیان لێدەستنێنن.

4- نێچرڤان بارزانی و پارتی سودی زۆریان لە فرە كوێخایی و بێخاوەنی ناوچەی دەڤەری” سەوز” سلێمانی بێنیوەو ئەوان بەهەر شیوەیەك بوبێت پرۆژەكانیان بەردەوامی پێداوە.

5- لەگەڵ ئەوەی ناوچەیەكی زۆری دەڤەری زەردیش بێ پرۆژەیەو پرۆژەكانی پارتی زیاتر” بۆ ناوچە دەوڵەمەندەكان و بۆ بەرچاوە” بەڵام پرۆژەی ستراتیژی گەورەوە چەندین شەقامی گەورەو تونێل و پرۆژەی نیشتەجێبونی ستراتیژی كراوە، بە پێچەوانەوە هەموو پرۆژەكانی ناوچەی سلێمانی یان وەستاون یاخود بە نیوەچڵی و پەلەپەل لەهەوڵی تەواوكردنیدان,.

6- بەردەوامی ئەو پرۆژە ستراتیژیانە لە هەولێر و نەبوونی لە سلێمانی ئەگەر لەرووی ناعەدالەتیەوە سلبی بێت بەڵام لەرووی ئاوەدانییەوە سلبی نیەو خستنە رووی نموزەجی كارە بۆ هەرناوچەو فەرمانڕەوایی ئەو ناوچانە.

پرسیارەكە ئەوە ئەگەر ئەو پرۆژانەی هەولێر لەلایەن حكومەتی هەرێم و بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی دەكرێن، بۆچی بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی ئەو جۆرە پرۆژانە لە سلێمانی ناكرێن، ئەوان پرۆژەی 150 مەتری دەكەنەوە لە هەولێر, لە سلێمانیش شەقامەكان پینە دەكەن و دەكڕێنرێن, ئەوان لە هەولێر باخچەو پاركەكان سەوزتر و جوانتر دەكەن و ئەمانیش لە سلێمانی باخچەكان زەردتر و وشكتر و بچوكتر دەكەنەوە.

ئەمە لەلایەك شكستی فەرمانڕەوایی ناوچەی ” سەوز” دەخاتە روو لە لایەكیش قواستنەوەی هەلە لەلایەن پارتی و خودی نێچیرڤان بارزانی كە نایەڵێت پرۆژەكان لەناوچەی فەرمانبەروای حزبەكەیدا بوەستێت و پەكیان بكەوێت.

بۆیە كێشەكە خەمی پارتی نیە بۆ بەرژەوەندی خەڵكی و خزمەتی خەڵك، بەڵكو لاموبالاتی و بێ ئاگایی بەرپرسانی ناوچەی سەوزە بۆ خزمەتگوزاری و خەمی هاوڵاتیان.

ئەمە ئەو فەوزایەیە لە دونیای حوكمڕانی هەرێمدا رودەدات، فەوزایەك كە دەیانەوێت شەڕو ململانێی سیاسی بگوازنەوە بۆ ململانێ و شەڕی و شارەكانی هەرێم بەوەی ناوچەیەك گرنگی پێدەدرێت و ناوچەیەكی تر پشتگوێدەخرێت.

ھەواڵی زیاتر