وێنەیەکی – با – لە دەرەوەی قەفەز بڵاوكرایەوە

هەلبەستوانی کورد (ئەمین بۆتانی) دوا بەرهەمی شیعری خۆی بەناوی (ئاشکرابوونا وێنەیەکا – با – ی ل دەرڤەی رکەهێ) بۆ گیانی شێخ ئەڤدلسەلامێ بارزانی دەکاتە دیاری.

ئەمین بۆتانی سەبارەت بە بیرۆکەی هۆنینەوەی هەلبەستێک بۆ شێخ عەبدلسەلام بارزانی، رایگەیاند کە ماوەی ساڵێک خەریکی بەدواداچوونی ورد و درشتی ئەو زاتە گەورەیە بووە و هەروەها نەشیشاردەوە کە: (شێخ عەبدلسەلام بارزانی شایانی شاکاری مەزنی هونەری و ئەدەبی یە).
بۆتانی گوتیشی کە بەو ئەزموونە زۆر هیلاک بووە، بەڵام دوا جار تەواوبوونی بەفۆرمێکی نەقۆڵا و شایستە بووتە هۆی ئاسوودەبوونی هەست و ئەندێشەی چونکە توانیویەتی هەتا راددەیەک لەنێو زمان و تەکنیک و وێنەدا ئەزموونێکی جیاوازتر لەکارەکانی پێشووی تاقی بکاتەوە.
لەبارەی تەوزیفکردنی شۆڕش و قوربانیدانی گەلی کورد لە نووسین و هەڵبەست دا، ئەمین بۆتانی پێیوابوو کە:(بۆشاییەکی گەورە هەیە و پێویستی بە ئیشکردنی زۆرە، بابەتی مەزنی وەکو قوربانیدان و شۆڕش و جوانی و هەموو شتێک مژاری هەڵبەست و نووسینە، بەڵام ئەو کارەکتەرە مەزن و پرسە درەوشاوانەی ژیان و مەرگی کوردەواری لە ساتەوەختی خۆی راماندەگرێ).
ئەمین بۆتانی ناشیشارێتەوە کە ئەو خۆی لە ساتەوەختی نامۆ و پڕ سیحر؛ شێخ عەبدلسەلام گەشتێکی دوور و درێژی پێکردووە بەنێو دیرۆک و خوێن و ماڵوێرانی و ستەم و غەدری ژیانی.

لە وڵامی پرسیاری، ئاخۆ ردووداو و کارەساتەکانی دیکەی بەسەر گەلی کوردستان دا هاتوون دەبنە هەوێنی بەرهەمی داهاتووی ئەمین بۆتانی، لەمڕووەشەوە گوتی:(بە تاسەوەم بتوانم زیاتر لە ئاست مژاری ئەنفال و جینۆسایدی کوردان، لە ئاست خەون و چاوەڕوانی و مەحروومیەتی خاک و خەڵکی ئەم نیشتمانە بم و شاکاریان بۆ بهۆنمەوە، سەرباری هەموو نووسین و ئەزموونەکانی پێشووم، شێخ عەبدلسەلام بۆ من تاقیکردنەوەیەکی زۆر جیاواز بوو وەک نووسین و ناسین).

دواجار بۆتانی رایگەیاند کە هەڵبەستی (ئاشکرابوونا وێنەیەکا – با – ی ل دەرڤەی رکەهێ) کە بەرهەمی گرووپی میوزیکی سەرخوەبوونە و کاری تۆمارکردن و میکس و ماستەرینگ لەستۆدیۆی ئەو گرووپە ئەنجامدراوە، میوزیکی تایبەتی لەلایەن ژەنیار (رەدوان خەلیل) ئامادە کراوە کە پێکهاتووە لە مەی و شمشاڵ. لە کۆتاییشدا سوپاسی (سەڵاح بایرام) سەرۆکی گرووپی سەرخوەبوونی کرد کە لەڕووی تەکنیکی و هونەرییەوە پاڵپشتی بەرهەمهێنانی ئەو کارە بوونە.

ھەواڵی زیاتر