سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

کەشناسی: باران و هەورەتریشقە بەردەوام دەبێت.

کەشناسی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، بە گشتی ئەمڕۆ تاوەباران و هەورەتریشقە لە ناوچەکانی هەرێم بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمى كوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاسمان نیمچەهەور دەبێـت، لە هەندێک لە ناوچە شاخاوییەکان هەوری تەواو دەبێت و لێزمەباران دەستپێدەکات و هەورە تریشقەی لەگەڵدا دەبێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە هەندێک کاتدا بارانبارین و هەورەتریشقە سەنتەری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەگرێتەوە، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ تاوەکو ئێوارە لە سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و کەرکوک و هەڵەبجەش تاوەباران و هەورەتریشقە دەبێت.

باسی لەوەش کردووە، لە شەودا ئاسمان لە سەرجەم ناوچەکان بۆ نیمچەهەور دەگۆڕێت و پلەکانی گەرما چەند پەلەیەک دادەبەزن.

ئەوەشی خستووەتە روو، سبەی چوارشەممە، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت ئەگەری نمەباران لە هەندێک ناوچەی جیاواز هەیە و بڕی دابارین لەسەر ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت، هاوکات پلەکانی گەرما ١ بۆ ٣ پلە بەرز دەبنەوە

هه‌واڵی زیاتر