سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

تورکیا پەیامی یەکلاکەرەوەی بۆ یەکێتی نارد


وەزیری بەرگریی تورکیا پەیامێک ئاراستەی بەرپرسانی یەکێتی دەکات و دەڵێت: “ئەگەر دەتانەوێت لە سەقامگیریدا بژین خۆتان لە رێکخراوی تیرۆریستی رزگار بکەن، ئێمەش هاوکارتان دەبین.”

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی ئایاری 2024، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە هەڤپەیڤینێکدا میدیای وڵاتەکەی باسی لە سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و تیشکی خستە سەر بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە. 

لە بەشێکی دیدارەکەیدا، یاشار گولەر باسی سلێمانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد: “بەردەوام بە بەپرسانی یەکێتیمان گوتووە، پەکەکە ئێستاش لە سلێمانی بە ویستی خۆی چالاکیی دەکات، پێویستە دەستبەرداری ئەمە بن.”

یاشار گولەر رایگەیاند، بەهۆی پەکەکە-وە 800 گوند لە هەرێمی کوردستان چۆڵکراون و “کەس هێندەی تورکیا نیگەران و خەمبار نەبووە لە چۆڵکردنی گوندەکان.”

لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی تیرۆر لەنێوان عێراق و تورکیا، یاشار گولەر رایگەیاند، پێش سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، دوو کۆبوونەوەی ئەمنیی باڵایان لەگەڵ لایەنی عێراقی کردووە. 

کۆبوونەوەی یەکەم رۆژی 19ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە ئەنقەرە و کۆبوونەوەی دووەمیش لە 14ـی ئاداری 2024 لە عێراق کرا و کۆبوونەوەی سێیەمیش بە سەرپەرشتی رەجەب تەیب ئەردۆغان کرا لە کاتی سەردانەکەی بۆ بەغدا و هەولێر. 

یاشار گولەر باسی لەوە کرد، پێشتر عێراق هیچ هەڵوێستێکیان لەبارەی پەکەکە و چالاکییەکانی لە دژی تورکیا نەبوو؛ “لە کۆبوونەوەکاندا باسمان لەوە کرد کە پەکەکە رێکخراوی تیرۆریستییە بەڵام ئێوە بە رێکخراوی تیرۆریستی نایانناسێنن. بەڵام دوای کۆبوونەوەکان بینیمان عێراق هەڵوێستی گۆڕی. ئێستا پەکەکە لە عێراق رێکخراوێکی قەدەخەکراوە و سوپاسی برایانمان لە عێراق دەکەین. عێراق لە پرسی بەرەنگاربوونەوەتی تیرۆردا لە هاوئاهەنگیدان.” 

گولەر باسی لە ستراتیژییەتی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی کرد لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە: “لەنێوبردنی تیرۆریستان لە سەرچاوەکانیانەوە ستراتیژییەتی نوێی بەرەنگاربوونەوەمانە بۆ تیرۆر. شەش ساڵە لە باکووری عێراقداین رێگەمان نەداوە رێکخراوی تیرۆریستی بحەسێتەوە. هەرچەند لە باکووری عێراق پێشڕەوی دەکەین پەکەکە بەرەو قووڵایی باشوور دەڕوات.” 

وەزیری بەرگریی تورکیا پەیامێکی ئاڕاستەی ئەمریکا کرد و رایگەیاند، هەندێک لە دۆستانیان یەپەگە بە پەکەکە نازانن، “لە کاتێکدا یەپەگەییەکان خۆیان دەڵێن پەکەکەین و لە دانپێدانانەکانیان بە راشکاوی باس لەمە دەکەن.”

بۆ ئەوە رەخنە لە ئەمریکا دەگرێت: “بەناوی هاوپەیمانی دژ بە داعش چەکیان پێدەدات و مەشق و راهێنانیان پێدەکەن. بەمدواییانە دوو هێلیکۆپتەریان بە یەپەگە دا کە پێرار لە هەرێمی کوردستان کەوتنەخوارەوە و هەموو ئەوانەی مەشق و راهێنانی تایبەتیان پێکرابوون، کوژران.” 

جەخت لەوەش دەکاتەوە “هیچ کات ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دژی پەکەکە و یەپەگە کۆتاییان نایەت.”

هه‌واڵی زیاتر