سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

پێشەوا هەورامانی: حکوومەتی هەرێم هەوڵ دەدات فەرمانبەرانی گرێبەست بە هەمیشەیی بکرێن

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مافی فەرمانبەرانی گرێبەست دەزانێت کە بکرێن بە هەمیشەیی و بۆ ئەم مەبەستە لێژنەیەکی ڕاسپارد کە لە ماوەی 15 ڕۆژدا پۆلێنی فەرمانبەرانی گرێبەست بکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (8ـی ئایاری 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کە تەوەرێکی تایبەت بە پرسی هەمیشەیکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، 30 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەن، هەندێکیان 15 ساڵە خزمەت دەکەن.

هەورامانی ئاشکرای کرد، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مافی فەرمانبەرانی گرێبەست دەزانێت کە بکرێنە هەمیشەیی و بۆ ئەم مەبەستە تیمێکی ڕاسپارد لە ماوەی 15 ڕۆژدا پۆلێنی فەرمانبەرانی گرێبەست بکرێت و لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ قسە بکرێت هاوشێوەی ئەو یەک ملیۆن فەرمانبەرەی لە عێراق دامەزراون، ئەوانیش بەپێی یاسا فەرمانبەرانی گرێبەست بکرێنە فەرمانبەری هەمیشەیی.

ڕۆژی چوارشەممە (8ـی ئایاری 2024) ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆبووەوە و سێ بڕگە لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ کران.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی مێدیا و زانیاری، بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دواپێشهاتەكانی بابەتی مووچە و دارایی و پابەندییەكان لەنێوان حكوومەتی هەرێمی کوردستان و حكوومەتی فیدراڵی و ئەنجامی دواكۆبوونەوەی شاندی تەكنیكیی هەردوولا لە ڕێكەوتی 27 ی نیسانی 2024 لە بەغدا سەبارەت بە دەستپێشخەرییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری داهاتە نانەوتییەكان و بەبانكیكردنی مووچەی هەرێمی کوردستان.

وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە تاووتوێكردنی بابەتی بە هەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت”.

ئاماژەی بەوەش کراوە، بڕگەی سێیەم خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەبێت سەبارەت بە سەردانی شاندنی وەزارتەكەیان بۆ بەغدا، تایبەت بە بابەتەكانی وەرگرتنەوەی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران و بەگەڕخستنی پرۆژەكانی بەنداو و ئاودێری لە هەرێم و سوودوەرگرتنی جووتیاران لە دەرفەتەكانی خزمەتگوزارییە كشتوكاڵییەكان هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق.

هه‌واڵی زیاتر