سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

بۆچی؟ هێرش دەکرێتە سەر کیڵگەی کۆرمۆر

زانیاریی ورد بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە: بۆچی هێرش دەكرێتە سەر كێلگەی غازی كۆرمۆر
هێمن ساڵح

توێژینەوەكان لە هەرێمی كوردستان باس لە گرنگیی غاز لە جیۆپۆلەتیكی ناوچەكەدا دەكەن و سەرۆکی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ لێکۆڵینەوە هەرێمییەکانیش، رایدەگەیەنێت، ئێران نایەوێ عێراق پشت بە غازی ناوخۆیی و توانا ناوخۆییەکانی هەرێمی كوردستان ببەستێت، ئاماژە بەوەش دەدات، لێدان لە کۆرمۆر لێدانە لەو هێزە ئابوورییەی هەرێمی كوردستان دەیەوێ لە جیۆپۆلەتیكی ناوچەكەدا دروستی بكات.

بەهرۆز جەعفەر، سەرۆکی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ لێکۆڵینەوە هەرێمییەکان، بۆ (باسنیوز) رایگەیاند، ئەوە بۆ جاری یەكەم نیە كە هێرش دەکرێتە سەر کۆرمۆر و پێشتریش چەندین جار هێرش كراوەتە سەر ئەو شادەمارە ئابوورییەی هەرێمی كوردستان، گوتیشی: ”لە ناوچەكەدا ئێران نایەوێت عێراق پشت بە غازی ناوخۆیی و توانا ناوخۆییەکانی ببەستێت و سوود لە غازی کێلگەی کۆرمۆر وەرگرێت، بەڵام ئەوە تاسەر نابێت و داهاتوو بۆ غازی سروشتی دەبێت و غاز دەبێتە فاکتەرێکی گرنگتری بازاڕەکانی وزە.“

هاوكات لە توێژینەوەیەكی ئەكادیمیدا پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ لێکۆڵینەوە هەرێمییەکان باسی لە گرنگیی غازی سروشتیی هەرێمی كوردستان بۆ داهاتوو و ئەو گۆڕانكارییە جیۆپۆلەتیكییانە كراوە كە وەكوو فاكتەرێكی گەورە دەتوانن نەخشەی هەرێمی كوردستان لە سەر نەخشەی وزە و غازدا بە گەورەیی بكێشن، كە هەر ئەو گرنگیەشە بووەتە هۆی ئەوەی لەلایەن نەیاران و ناحەزانەوە هێرش بكرێتە سەر سەرچاوەی یەكەمی غازی سروشتی لە هەرێمی كوردستان.

غازی سروشتیی هەرێمی كوردستان

هەرێمی کوردستان خاوەنی هێڵێکی بۆڕییە بە درێژایی (420) کیلۆمەتر، کە لە کۆتایی (2013)دا بینا کراوە، بەپێی دیزاینی بۆڕییەکە توانای هەیە (950) هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا هەناردە بکات.

بەپێی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، هەرێمی کوردستان خاوەنی (200) تریلیۆن پێ سێجا غازی سروشتییە (نزیکەی 5.7 تریلیۆن مەتر سێجا) بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان ڕێبەرایەتیی (25) تریلیۆن پێ سێجا غازی سەلمێنراو و (198) تریلیۆن پێ سێجا غازی نەسەلمێنراو دەکات. یەدەگی سەلمێنراو ئەو نەوت و غازەیە کە ئێمە لەبارەیەوە دەزانین (واتە ئاستی متمانەمان لەسەرووی 90٪ لەسەریان هەیە)، لەکاتێکدا یەدەگی نەسەلمێنراو ئەو نەوت و غازەیە کە کەمتر دڵنیاین لێیان، بەڵام هەندێک ئاماژەمان هەیە بۆ بوونیان و دەکرێت لە ڕێگەی تەکنیکی نوێی پێشکەوتوەوە ئەوانیش بسەلمێنرێن.
پێشبیینیەکان، بەو ئاڕاستەیەدا بەهێزن کە لە داهاتوودا غازی سروشتی دەبێتە فاکتەرێکی گرنگتری بازاڕەکانی وزە، بە تایبەت لە پێڕەوکردنی سیاسەتی سفر کاربۆن و پاراستنی ژینگەدا.

لە سێپتەمبەری ٢٠٢١ دا، ویلایەتە یەکگرتووەکان، بە بڕی (250) ملیۆن دۆلار پاڵپشتیی دارایی کێڵگەی غازیی کۆرمۆری کردووە، ئەوەش بۆ فراوانترکردنی وێستگەکانی کێڵگەکە (کە بە KH250) ناسراوە. چاوەڕێ دەکرێ لە کۆتایی (2024)دا ئاستی بەرهەمی ئەم کێڵگە سەرەکییە بگاتە (750) ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا و ساڵی دواتریش هەنگاو بنێ بەرەو یەك ملیۆن پێ سێجا غازی سروشتیی ڕۆژانە.

ئیمارات لە ڕێگەی کۆمپانیای داناغاز و کرێسنت پیترۆلیۆمەوە لە کێڵگەی کۆرمۆر کە شادەماری ئابووریی هەرێمی کوردستاندا کار دەکات، کە ڕۆژانە (500) ملیۆن ستاندارد- پێ سێجا غازی سروشتی بەرهەم دەهێنێت.

هەروەها لە نیوەی یەکەمی 2023دا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کە لە کێڵگە غازییەکەوە دەست دەکەوێت بە ڕێژەی (6٪) بەرز بووەتەوە بۆ 1900 بەرمیل کۆندێنسەیتی ڕۆژانە، هەروەها کێڵگەکە، بەشێکی زۆری پێداویستییەکانی غازی شلی ماڵان لە هەرێمی کوردستان پڕ دەکاتەوە. بەگشتی داناغاز سەرچاوەی کارەبایە بۆ نزیکەی (5) ملیۆن هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان و عێراق.

ئەم توێژینەوە ئەکادیمییە، نیشانی دەدات کە ئاستی غازی سروشتی و نەوتی هەرێمی کوردستان، توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ بازاڕی ئابووریی جیهانییدا هەیە.

ئەوە لە كاتێكدایە، كە بەپێی توێژینەوەكە بەراورد بە هەرێمی كوردستان، عێراق خاوەنی (6.4) تریلیۆن پێ سێجا غازە کە لە ئەنجامی دەرهێنانی نەوت دەستی دەکەوێت، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی بانکی نێودەوڵەتی، ئەم وڵاتە هەموو سەرە سەعاتێك بە بەهای (290) هەزار دۆلار غاز بەفیڕۆ دەدات، كە ساڵێکدا دەکاتە نزیکەی (2.5) دوو ملیار و نیو دۆلار، جگە لەوەش ژینگە پیس دەکات و ماددەی ژەهراوی دەخاتە بەرگە هەواوە.

بە گشتی عێراق، لە ساڵی (2023)دا، بۆ 15 پارێزگاکەی ناوەڕاست و خواروو بۆ کارکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ڕۆژانە پێویستی بە 25 بۆ 30 ملیۆن مەتر سێجا غازە. كە بە پێی گوتەی پسپۆڕان، بەهۆی کەمیی بەرهەمهێنانی وزە، ساڵانە نزیکەی (40) ملیار دۆلار زیان بەر ئابووریی عێراق دەکەوێ، ئەو زیانانەش بریتین لە ئەو بڕە پارە زۆرەی کە عێراقییەکان بۆ کڕینی وزە خەرجی دەکەن، جگە لە زیانەکانی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ، هەروەها کێشە تەندروستییەکان کە بەهۆی بەردەوامی پچڕانی کارەباوە درووست دەبن.

ڕێكەوتنی عێراق و ئێران

لە تەمووزی ٢٠٢٣ دا عێراق و ئێران ڕێککەوتن کە ئاڵوگۆڕی کاڵا بەرانبەر کاڵا بکەن، ئێران غازی سروشتی بدات بە عێراق و لە بەرانبەردا عێراقیش 250 هەزار بەرمیل نەوت بدات بە ئێران. بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئێران نەوتی عێراقی بۆچییە لە کاتێکدا خۆی خاوەنی (157) ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگە، چوارەمین یەدەگی جیهانە؟ بەڵام لە یەکێک لە بەندەکانی ئەم ڕێککەوتنەدا هاتووە، ئەگەر ئێران غازیش ڕەوانەی عێراق نەکات، دەبێت عێراق ئەو بڕە نەوتەی کە دیاری کراوە بدات بە ئێران!

ئەوەش لە کاتێکدایە كە لە ساڵی (2021)ەوە، هەرێمی کوردستان و تورکیا بە یەک بڕ و ئاراستە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بەرەو پێشتر دەبەن، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە سەرکردایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی ناوەندیی هەبووە لە ئاسانکاریی گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان تورکیا و ئیمارات، ئەگەرچی ئەمە ڕەنگە ڕۆڵێکی لاوەکییانە بێت، بەڵام ڕاپۆرتکردن لە سەر بەشدارییەکی هەرێمی کوردستان بەڵگەی هەڵسوڕانی ڕۆڵێکی ناوەندییە لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە. لەگەڵ ئەم ڕووداوانەدا، ئێران و گرووپە عەرەبیە شیعییە – میلیشیاکان لە عێراق، بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ چەندین جار هێرشی ئاشکرایان کردووەتە سەر کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان.

جگە لەو هێرشەی كە ئێوارەی هەینی 26ـی نیسانی 2024 بە درۆن کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بە هۆیەوە چوار کارمەندی بیانی کوژران کە خەڵکی وڵاتی یەمەنن و دووانی دیکەش بریندار بوون، لە ئۆکتۆبەری 2022ەوە تا جانیوەری 2023 سێ جاری دیكەش بە کاتیۆشا و درۆن هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر، بە گشتی ئەوە هەشتەمین جارە هێرش دەكرێتە سەر كۆرمۆر.
باس..

هه‌واڵی زیاتر