سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

وەزارەتی دارایی: بانکی تی بی ئای بەشداری لە “هەژماری من” دەکات.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی بانکی بازرگانیی عێراق “تی بی ئای” لە پڕۆژەی “هەژماری من” دووپات دەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە، بەشداریی بانکەکە سوودێکی زۆر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 08-04-2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، “بە خۆشحاڵیەوە ڕایدەگەیەنین کە بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بەشداری لە پڕۆژەی هەژماری من بۆ بە دیجیتاڵکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات”.

وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەپێی ڕێنماییەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی (هەژماری من) چەندین کۆبوونەوەیان لەم هەفتەیەدا لەگەڵ نوێنەرانی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (تی بی ئای) ئەنجام داوە.

لە کۆبوونەوەکاندا، وەکو ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە، گفتوگۆ لەبارەی میکانیزم و پێداویستییەکانی کردنەوەی هەژمارەکان و پرۆسەی دروستکردنی کارت و بڵاوکردنەوەی ئامێرەکانی ATM لە سەرانسەری هەرێمدا کراوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم هاوبەشییە دووپات دەکاتەوە و دەڵێت، سوودێکی زۆر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) هاوتا لەگەڵ شەش بانکی دیکەی پێشەنگی عێراق، “بژاردەیەکی فراوانتری بەرهەم و خزمەتگوزاریی بانکی بە هاووڵاتییان دەبەخشێت. ئەمەش هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ مووچەخۆرانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان و کەرتی دارایی عێراق”.

پڕۆسەی تۆمارکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی “هەژماری من” بەردەوامە و ڕێژەی تۆمارکردنیشیان گەیشتووەتە زیاتر لە 260 هەزار کەس، هاوکات 153 هەزار کارت دراوەتەوە تۆمارکراوان.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە، تا کۆتایی ساڵی 2024، نزیکەی هەزار ئامێری پارەدەر (ATM) لە سەرجەم پارێزگا، قەزا و ناحییەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر دەکرێن.

ماوەی ساڵێکە وەک دەستپێکی تاقیکاری (ئەزموونی)، فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر مووچەکانیان لە ڕێگەی “هەژماری من”ەوە وەرگرتووە.

لە کۆتایی ساڵی ڕابردووش، هەریەک لە کۆلێژەکانی ئاداب، کشتوکاڵ و زانست لە زانکۆی سەڵاحەدین، مووچەکانیان لە ڕێگەی “هەژماری من”ەوە وەرگرتووە.

بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی پرۆژەکە بریتین لە:

1- دەستڕاگەیشتن بە سەدان ئامێری پارەدەر ATM و ڕاکێشانی سەرجەم پارەکانی بەکارهێنەر بە یەکجار و بە خۆڕایی.

2- ئامێرەکان بە شێوەی 24 کاتژمێری بەردەستن بۆ بەکارهێنان و فەرمانبەر هەرکاتێک بیەوێت بە ئارەزووی خۆی دەتوانێ پارەکەی ڕابکێشێت.

3- دەستڕاگەیشتن بە قەرز/پێشینەی جۆراوجۆری بانک.

4- بەکارهێنانی کارتی بانکی بۆ کڕینی ئۆنڵاین و ئامێرەکانی کارتخوێن ناسراو بە PoS.

5- گواستنەوەی پارە بە شێوەیەکی پارێزراو و سەلامەت بۆ ناوەوە و دەرەوەی وڵات.

6- دەستڕاگەیشتن بە ئەپلیکەیشنی مۆبایلی بانک بۆ ئەوەی بەردەوام ئاگاداری جوڵەی نێو هەژمارەکەت بیت و بەدەستگەیشتنی ئاگانامەی مۆبایل لە کاتی هاتنی مووچەدا.

هه‌واڵی زیاتر