ئەمڕۆ سێشەممە، 07-05-2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە وەڵامی سکاڵایەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ فەرمانێکی بەپەلەی “وەلائی” دەرکرد بە مەبەستی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی بڕگەی (دووەم)ی ماددەی (2) لە سیستمی تۆمارکردن و پەسەندکردنی لیستی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ژمارە (7)ی ساڵی 2024، کە تێیدا هاتووە؛ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە (100) کورسی پێکدێت کە بەسەر ئەم بازنانەی هەڵبژاردندا دابەشکراون: پارێزگای هەولێر 34 کورسی، سلێمانی 38 کورسی، دهۆک:25 کورسی و هەڵەبجە 3 کورسی.
دادگای فیدراڵی دەڵێت، تا ئەو کاتەی سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان یەکلایی دەکرێتەوە ڕاگرتنی جێبەجێکردنی بڕگەکە بەردەوام دەبێت ئەمەش بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە دەرئەنجامەکانی جێبەجێکردنی کە لە داهاتوودا چارەسەرکردنی قورس دەبێت.