جاش ئەمما جاش!

بیروڕا- لوقمان بیارەیی

بەشێک لە جاشەکانی ئەمڕۆ، لە سەرکردە و پێشمەرگەکانی دوێنێی شاخن! ئەوان دوێنێ لە پێناو ئازادی میللەت سەنگەریان دەگرت لە دوژمن، ئەمڕۆش لە پێناو ڕادەستکردنی ئیرادە و شکۆی، سەنگەر بە ڕووی دوژمن چۆڵ دەکەن!

کاتی خۆیشی بۆیە جاش کەم بوو، چونکە جاشبوون قورس بوو، جاش دەبو بچێتە ڕەبایە و جەبھە، دەبو بچێتە کەمین و کێوماڵی پئشمەرگە، ھاوکات ئەوەیشی کە دەبووە جاش پاساوێک و ناچاریەکی مەعقولی ھەبوو، یانی لە جیاتی ئەوەی مغاویر بێت لە جەیشی عێراقدا و تا بۆقێک بخوات، چل ڕاجیمە بیدایە بە عەرزا، ئیتر حەتمەن جاشبوون بۆ ئەو لە ناو ڕەبیەیەکدا شایلۆغان بوو! ئەھا ئێستا چونکە سنعاتەکە، نە شەھادەی دەوێ، نە ترس ونە تەکلیفی تیایە، تەنھا ڕووداریەکی دەوێ و ئیتر پارەشی ئەدەنێ، بۆیە جاش تا بێت لە زیاد بووندایە!

ئەمڕۆ ھەرکەس بیەوێت بە وتارێک، بە موقابەلەیەک، بە دەنگێک، نەخێر بە لافیتەیەک یا بە پۆستێکی فەیسبوک، دەتوانێت جاش بێت، بە چاوساغی بۆ حەشدی شەعبی، بە ھیممەتێک بۆ بڕینی موچە و قووتی خەڵکی کوردستان، دەتوانێت جاشێکی عەیار بەرز، ھەزار شانە بێت! ئیتر جاش خۆ شیعر نیە تا وەزن و قافیەی بوێت بۆ وەرگرتنی، بە ئەلفێک دژی بارزانی و دژی ڕیفراندوم بە، ئیتر جاش ئەمما جاش! جاشەکان بە ھەموو جۆر و کوالیتیەکانیانەوە ھەر بەوە ناوەستن کە خۆیان جاشبن، بەڵکو ھەرکەس ھوشیارانە ھەڵسوکەوت بکات لەگەڵ دۆخەکە بە گشتی، ھەرکەس ھەست بە بەرپرسیاریەتی نیشتیمانی و ئەخلاقی و نەتەوەبوون بکات، بە کۆیلە و مەسینە ھەڵگر و ئیمتیازخۆر تاوانباریان دەکەن، من لەوەدا مانعیان نیم، چونکە ئەوەش ئەرک و تەکلیفە، ئیتر خۆ دەبێت ڕایپەڕێنن!

بەشێک لە جاشەکانی ئەمڕۆ، لە سەرکردە و پێشمەرگەکانی شاخن! ئەوان دوێنێ لە پێناو ئازادی میللەت، سەنگەریان دەگرت لە دوژمن، ئەمڕۆش لە پێناو ڕادەستکردنی ئیرادە و شکۆی، سەنگەر بە ڕووی دوژمن چۆڵ دەکەن! ئەمان جیاوازن، یانی لە جیاتی ناچاری و پاساوێک، زەرورەتی جاش بوونیان ھەیە! ئەمان نە دوێنێ بۆ میللەت پێشمەرگە بوون، نە ئەمڕۆش بۆ عێراقی حەبیب جاشن، ئەمان چ پێشمەرگایەتی و چ جاش بوون، ھەردووکیان وەسیلەی خزمەتکردنی ئامانجە گەورەکەیان بووە کە حیزبەکانیانە .

ھەواڵی زیاتر