سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

ڤیدیۆیی ژێرنووسكراو| ئەشكەنجەدانی مێرمندالێك شەقامی عێراقی توڕە دەكات

بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ئەشکەنجەدانی مێرمنداڵێک لە عێراق لەلایەن چەند کەسێک کە جلی سەربازیان پۆشیوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەرای ناوەتەوە.
لە ڤیدیۆکەدا کە دوو مانگ لەمەوبەر تۆمارکراوە و دوێنێ بڵاوکراوەتەوە، مێرمنداڵەکە دەڵێت: “ناوم محەممەد سەعد عەبد لایحە و سوێند بە خودا جارێکی دیکە نایەمەوە”.
لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، رۆژی شەممە، سەبارەت بەو رووداوە لە تویتێکدا لە هەژماری خۆی رایگەیاند: “تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە تێیدا کۆمەڵێک کەس دەردەکەون کە جلی سەربازییان پۆشیوە و دەستدرێژی دەکەنە سەر هاووڵاتییەک”.
لە ڤیدیۆکەدا منداڵەکە، هەموو جلەکانی لەبەر داکەندراوە و کەسێک بە چەقۆ قژی دەبڕێت و چەند شوێنێکی پێستی سەری بریندار دەکات. کۆمەڵێک چەکدار تێی ئاڵاون و یەکێکیان بە مۆبایل وێنەی دەگرێت.
بە گوتەی لیوا یەحیا رەسوول، مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ کتوپڕ و خێرا لێکۆڵینەوە بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی ئەو بابەتە و بکەرانی ئەو تاوانە.
هەروەها فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان فەرمانی کردووە کات و شوێنی رووداوەکە ئاشکرا بکرێن و هەڕەشەی سزادانی بکەرەکانیشی کردووە.
فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی یاسا لە عێراق، تۆمەتبار دەکرێن بە ئەشکەنجەدانی ئەو مێرمنداڵەی کە لە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت.
بەڵام ئەو هێزە لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: “ئەرکی سەرەکی هێزەکانمان پاراستنی خۆپێشاندەران و سامانی گشتی و تایبەت و یاسایە، بۆیە هەر هەڵسوکەوتێکی خراپی کەسێک ئەوە خۆی تاوانبار دەکات، نەک هێزەکانی پاراستنی یاسا و پاڵەوانانی وەزارەتی ناوخۆ”.
دوای فەرمانەکەی مستەفا کازمی بۆ بەدواداچوون بۆ کەیسی ئەو مێردمنداڵە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند “دوای لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئەشکەنجەدانی کەسێک لە لایەن چەند کارمەندێکی هێزەکانی پاراستنی یاساوە، بۆ لیژنەی لێکۆڵینەوە ئاشکرابوو، ئەو کەسەی کە لە ڤیدیۆکە دەرکەوێت و دەستدرێژی دەکرێتەسەر، بەپێی ماددەی 446 ـی یاسای سزادان، لە  18ی ئایاری 2020 لە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوان لە بەغدا راگیراوە”.
هەرچەندە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا بڵاوکرایەوە کە ئەو مێردمنداڵە لەسەر خۆپیشاندان دەستگیرکراوە، بەڵام بەپێی بەدواداچوونی وەزارەتی ناوخۆ مێردمنداڵەکە بەهۆی دزینی ماتۆرسیکلێک و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای رەسافە راگیراوە.
وەزارەتی ناوخۆ باس لەوە دەکات بەڵام رووداوی دەستدرێژیکردنەسەری لە لایەن کارمەندانی هێزەکانی پاراستنی یاساوە پێش نزیکەی 20 رۆژ لە راگرتنی روویداوە، “ئێستاش گوتەکانی ئەو مێرمنداڵەی دەستدرێژیکراوەتەسەر تۆمارکراون و ئەو سکاڵای تۆمارکرد و داوای سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە قێزەونە و نائەخلاقییە دەکات”.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرای کردووە “بەهۆی کەمتەرخەمییەوە، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریدا فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی یاسا بگوازرێتەوە بۆ ئیمرە و چاو بە هێزەکانی پاراستنی یاسا بخشێندرێتەوە”.
هەروەها گرتەی ڤیدیۆیی ئەو مێردمنداڵە، دوای ئازادکردنیشی بڵاوکراوەتەوە، کە لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانەیەک لەسەر سک راکشاوە و شوێنەواری ئەشکەنجەدان بە پشتییەوە دیارە.

محەممەد سەعد لە ڤیدیۆیەکدا باسی رووداوی ئەشکەنجەدانی دەکات و دەڵێت: “لای ئاو فرۆشەکە وەستابووم، بینیم سێ کەس هاتن، یەکێکیان دەمی گرتم، گرتمیان و بردمیان، منیان کێشکردە نێو شەقام، بە دۆنکی لە پشتمیان دەدا و پرچمیان بە چەقۆ بڕی”.

 

كلیك لێرە بكە بۆ بینینی ڤیدیۆ

هه‌واڵی زیاتر