سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

ئاری هەرسین: بەبێ بەشداریی پارتی، سندووقی هەڵبژاردن لە هیچ شوێنێک داناندرێت.

بەرپرسی لقی چواری پارتی لە سلێمانی ڕەتی دەکاتەوە بەبێ بەشداریی حزبەکەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سندووقی هەڵبژاردن لە هیچ شوێنێکی هەرێمی کوردستان دابندرێت.

ئەمڕۆ شەممە، 27-04-2024، ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتیی کوردستان لە سلێمانی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا نوێترین هەڵوێسی حزبەکەی لەبارەی بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند.

بە گوتەی ئاری هەرسین، ئەگەر پارتی بەشداریی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان نەکات، “هەڵبژاردنەکە ناکرێت. هەڵبژاردنیش نەکرێت، سندووق لە هیچ شوێنێکی هەرێمی کوردستان داناندرێت.”

بەرپرسی لقی چواری پارتی ئەوەی خستەڕوو، “هەموومان دەزانین ئەنجامی ئەوەی سندووق لە بەشێکی هەرێمی کوردستان دابندرێت و لە بەشێکی دیکە دانەندرێت، ڕاگەیاندنی دوو ئیدارەییە بە شێوەیەکی فەرمی.”

ئاری هەرسین لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، “پارتی دژی هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموکراسی نییە، بەڵکوو هەڵوێستەکەی دژی پلانگێڕی و دیزاینی پێشوەختەی هەڵبژاردنە.”

هه‌واڵی زیاتر