سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پاره‌ بۆ ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی سلێمانی ته‌رخان ده‌كات

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، زیاتر لە یەک ملیار و 327 ملیۆن دینار بە مەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان بۆ پارێزگای سلێمانی خەرج دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 09-05-2024، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، بەپێی چەند فەرمانێكی وەزاری، وەزارەتەکە ڕەزامەندی نیشان دا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی (1,327,120,000) دینار بۆ سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە مەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ شوێنە جیاوازەكانی شارەكە.

وەکو ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە، ئەو گوژمەیە لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانییە و بەپێی ڕێنماییەكانی دارایی تایبەت بە داهات خەرج دەكرێت بەمەبەستی دابینكردنی سووتەمەنی بۆ كارگەی قیری شارەوانی و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە شەقام و كۆڵانەكان و بەڕێوەبردنی هەڵمەتەكانی نۆژەنكردنەوەی شەقامەكانی شاری سلێمانی.

ڕۆژی دووشەممەش، 06-05-2024، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی نیشان دا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 465 ملیۆن و 795 هەزار دینار بۆ سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی ڕێگاسازی.

ئەو گوژمەیە لەسەر ڕێژەی (100%)ی داهاتی فرۆشتنی زەویی ڕوكنی شارەوانی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەڵەبجەیە و بەپێی ڕێنماییەكانی دارایی تایبەت بە داهات فەرمانی وەزاری بۆ دەرچووە بەمەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی ڕێگاسازی لە گەڕەكی فەرمانبەران بۆ قۆناغی یەكەم لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەڵەبجەدا.

هه‌واڵی زیاتر