سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق هێرشکردنە سەر سەربازگەی کالسوی بابل ڕەت دەکاتەوە.

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ناڕاستەوخۆ دەنگۆی هێرشکردنە سەر سەربازگەی کالسوی بابل ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت، لیجنەیەکی تەکنیکی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوەی سەربازگەکە دەکات.

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕاگەیاند، نزیک کاتژمێر 01:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 20-04-2024، تەقینەوەیەک لە نێو سەربازگەی کالسو لە باکووری پارێزگای بابل ڕوویدا، کە بارەگای یەکەکانی سوپا، پۆلیس و دەستەی حەشدی شەعبی تێدایە و بەهۆیەوە یەک ئەندامی دەستەی حەشدی شەعبی کوژران و هەشت کەسیش بە ڕێژەی جیاواز برینداربوون کە یەکێکیان سەربازی سوپای عێراقە.

شانەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە هەوڵ و کۆششی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی بابل توانراوە ئاگرکەوتنەوەی تەقینەوەکە کۆنترۆڵ بکرێت و لیجنەیەکی تەکنیکی بۆ لێکۆڵینەوە لە بەرگری شارستانیی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە پێکهێنراوە بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە نێو سەربازگەکە و دەوروبەری سەربازگەکە.

پێشتر لە ڕاگەیەندراوی جیاوازدا هەر یەک لە گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕایانگەیاندبوو کە هیچ پەیوەندییەکانیان بە کردەی سەربازی سەر پارێزگای بابل نییە.

هەروەها ڕاپۆرتی فەرماندەیی بەرگری ئاسمانی عێراق ڕایگەیاندووە، بەر لە تەقینەوەکەی بابل هیچ فڕۆکەیەکی جەنگی یان درۆنێکی نامۆ لە چاودێرییە ئاسمانییەکانی دەرنەکەوتووە. ڕاشیگەیاندووە، دوای کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوەکان ئەنجامەکەی بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەنەوە.

هه‌واڵی زیاتر