ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی هەنگاو بۆ داکۆکیكردن لە مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، تەنیا لە مانگی نیسانی ڕابردوودا 37 کۆڵبەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکان بوونەتە قوربانیی و زۆرینەشیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران بوون.
بەگوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوەکە، لە مانگی ڕابردوو چوار کۆڵبەر کوژراون و 33 کۆڵبەری دیکەش بریندارکراون، لە نێویاندا دوو کۆڵبەری 16 ساڵان و یەکێکی 17 ساڵان هەن بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراون.
هەر لە ڕاپۆرتەدا هاتووە، مێهرداد عەبدوڵڵازادە خەڵکی سەردەشت، ئومێد سەیدی خەڵکی سنە، سەیوان دەست ئەفکەن خەڵکی مەریوان و شوانە ئەحمەدپوور خەڵکی بانە ئەو چوار کۆڵبەرە بوون کە لە مانگی نیسان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران سەر، دڵ و سینگیان پێکراوە و کوژراون.
هەروەها ئاماژەیداوە، زۆرترین حاڵەتەکانی قوربانیانی کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمارکراوە کە ژمارەیان 20 کەس بووە.