سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

یەکێتی ئەوروپا بەر لە سزادان دەرفەتێک دەدات بە ئێران

دوای ئەوەی پەرلەمانی ئەورووپا بە پەسندکردنی بڕیارنامەیەک داوای سزادانی ئێرانی کرد، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بە ئامانجی دەرخستنی گرنگایەتیی دانبەخۆداگرتن و ڕەواندنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە، دەرفەتێکی نوێ بە ئێران دەدات و لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، نیگەرانی و سزاکانی یەکێتیی ئەورووپای سەبارەت بە بەرنامەی مووشەکی و ئەتۆمیی ئێران ڕوون کردووەتەوە.

پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بڕیارنامەیەکی بۆ سزادانی ئێران پەسند کرد، جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتییەکە دەرفەتێکی نوێ بە ئێران دەدات و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران بە تەلەفۆن گفتوگۆی کردووە و ئامانجیشی لە گفتوگۆکە ئەوە بووە، جارێکی دیکە جەخت لە گرنگایەتیی دانبەخۆداگرتن و ڕەواندنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا بکات.

بۆرێل ئاماژەی بەوەش داوە، سەبارەت بە کێشەکانی ناوچەکە، سزاکانی یەکێتیی ئەورووپا دژی بەرنامەی مووشەکی و درۆنیی ئێران و چارەنووسی ئەو زیندانییە خاوەن دوو ڕەگەزنامەی، ڕەگەزنامەی ئێرانی- ئەورووپاییان هەیە لەگەڵ عەبدوڵاهیان گفتوگۆی کردووە.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەورووپا لە گفتوگۆکەدا جەختی لەوەش کردووەتەوە دەبێ بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی چەکی ئەتۆمی درێژە بە کارەکانیان بدەن و سزاکانی یەکێتیی ئەورووپایشی دژی ئێران بۆ عەبدوڵاهیان ڕوون کردووەتەوە.

لە ڕۆژانی کۆتاییی مانگی نیساندا پەرلەمانی ئەورووپا بە پەسندکردنی بڕیارنامەیەک دژی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل داوای لە یەکێتییەکە کرد، بەیتی ڕێبەریی ئێران، سەرۆکایەتیی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان، قەرارگەی خاتەمولئەنبیای سوپای پاسداران، هێزی دەریایی سوپای پاسداران و وەزیری بەرگریی ئێران بخرێنە لیستی سزاکانی یەکێتیی ئەورووپاوە و سوپای پاسدارانیش بخرێتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ”ئیرنا”ش ڕایگەیاندووە، لەو گفتوگۆ تەلەفۆنییەدا عەبدوڵڵاهیان پێشوازیی لە بەردەوامیی گفتوگۆکانی نێوان وڵاتەکەی و یەکێتیی ئەورووپا کردووە بۆ ئەوەی بتوانن پەرە بە هاوکارییە هاوبەشەکانیان بدەن.

عەبدوڵڵاهیان جەختی لەوەش کردووەتەوە، هاوکاریی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕەوتێکی باشی گرتووەتە بەر و وڵاتەکەی پێشوازی لە سەردانی ڕافائیل گڕۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نیودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەکات کە بڕیارە ڕۆژانی شەش و حەوتی ئایار سەردانی ئێران بکات.

هه‌واڵی زیاتر