سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

ئەمڕۆ سوودانی و بایدن لە کۆشکی سپی کۆدەبنەوە.

محەممەد شییاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ لە کۆشکی سپی لەگەڵ بایدن لە سەر کاراکردنی ڕێککەوتننامەی ستراتیجیی بەغدا – واشنتن و چەند بابەتێکی دیکەی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووریی و سیاسییەکانی نێوان هەردوو وڵات کۆدەبێتەوە، سەرەکیی ترین بابەت، ئەرکی داهاتووی هێزەکانی ئەمەریکایە لە عێراق.

بە گوێرەی ئەو کارنامەیەی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ، محەممەد شییاع سوودانی لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکای کۆدەبێتەوە، بەڵام بەر لەو دیدارە، سوودانی لەگەڵ هەر یەک لە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و لە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری (پێنتاگۆن) لەگەڵ لۆید ئۆستن کۆببێتەوە، دواتریش لەگەڵ جانێت یلن کۆببێتەوە.

پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەی سوودانی و یلن کە وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئامادەی دەبن، پرسی سزاکانی سەر بانکە عێراقییەکان و بە قاچاخبردنە دەرەوەی دۆلار لە عێراق بکرێت، بە تایبەت بۆ ئێران.

13ی ئەم مانگە سوودانی، لە سەر بانگهێشت نامەی فەرمیی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بەرەو واشنتن بەڕێ کەوت، شاندێکی حکوومەتیی و پەرلەمان و نوێنەرانیی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت یاوەریی دەکەن.

هەروەها سوودانی بەر لە بەڕێ کەوتنی لە بەغدا ڕایگەیاندبوو، ژمارەیەک وەزیر و پەرلەمانتاران و ڕاوێژکاران، لەگەڵ نوێنەرانی کەرتی تایبەت، لە پیاوانی بازرگان و پیشەسازیی یاوەری دەکەن، دیدارەکانیان یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاوبەش هەماهەنگیی دەبێت، بە ئامانجی کاراکردنی ڕێککەوتنی ستراتیجی لە بوارەکانی وزە، دارایی و بانک، گواستنەوە، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی سەروەت و سامانی عێراق لە دەرەوەی وڵات لەگەڵ خوێندنی باڵا و پەرەپێدانی ڕۆشنبیری.

هه‌واڵی زیاتر