سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

نەبەز ئیسماعیل :کەسیێک لە ڕۆژێکدا بە نووشتە و جادوو پێنج ملیۆن دیناری قازانج کردووە.

بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە، بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبنەوە کە بە ناوی مەلا و شێخ و جادووگەر؛ نووشتە و جادوو دەکەن. دەشڵێت، ئەو کارە کاریگەرییەکی زۆری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە هەبووە.

ھۆبەی یاسایی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی ھەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەپێی ڕێنمایی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان؛ ژمارە (1) ساڵی 2023، ئەم کارانە دەچنە خانەی فێڵکردن سزای یاساییان لەسەرە، وەک: بەکارھێنانی دەستەواژەی شێخ، مەلا، قەشە، بانگخواز، پزیشکی ئایینی و ھاوشێوەکانی؛ نووشتە، جادوو و دەرکردنی جنۆکە؛ فرۆشتنی گیادەرمان، خۆراک، خواردنەوە، گوڵاو، ھەنگوین، ڕەشکە و شتی دیكه‌ی بەناوی چارەی پزیشکی ئایینی.

لەوبارەوە ئەمڕۆ دووشەممە، 29-04-2024، نەبەز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر،  ڕاگەیاند، ئەو کارانە کاریگەریی نەرێنی زۆر خراپیان لەسەر خێزان، کۆمەڵگە و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی دروست کردووە.

بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، هەر کەسێک سەرپێچی ڕێنماییەکانیان بکات، بە توندترین شێوە سزا دەدرێت؛ بۆیە داوایان لێ دەکات پێش ئەوەی ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە، دەستبەرداری کارەکانیان ببن.

نەبەز ئیسماعیل گوتیشی، “ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی پارێزگای هەولێر بایەخێکی زۆر بە بابەتەکە دەدەین. هەڵمەتەکە لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستی پێ کردووە، بەڵام ئێستا بە شێوەیەکی چڕتر و بەرفراوانتر چاودێریی سەرپێچییەکان دەکەین”.

بە گوتەی نەبەز ئیسماعیل، “زۆر هاووڵاتیی هەن لە بێ ئاگایی خۆیان، بڕێکی زۆری پارە خەرج دەکەن بۆ ئەوەی کەسێک بەناوی مەلا یان شێخ، جادوو و نووشتەیان بۆ بکات. ئەوانەی ئەو جۆرە کارانە دەکەن، داهاتێکی زۆری نایاسایی کۆ دەکەنەوە کە دەچێتە چوارچێوەی فێڵکردن”.

نەبەز ئیسماعیل ئاماژەی بەوەش کرد، “چوارشەممەی ڕابردوو، لە ڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە، بەڵگەمان لەسەر کەسێک کۆکردەوە کە ئەو جۆرە کارانە دەکات و ڕووبەڕووی دادگامان کردەوە”. گوتیشی، “دۆسیەی وا هاتووەتە لامان، کەسێک لە یەک ڕۆژدا پێنج ملیۆن دیناری لە ڕێگەی نووشتە و جادوو دەست کەوتووە و ڕووبەڕووی دادگامان کردووەتەوە”.

هه‌واڵی زیاتر