سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

ئەمڕۆ بۆرییەکی گواستنەوەی گازی لە سنووری کەرکووک شکا.

نزیکەی پێنج کاتژمێرە بۆڕییەکی غاز لە نزیک گوندێکی باشووری کەرکووک شکاوە. ڕووداوەکە زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە و ناردنی غاز لە ڕێگەی بۆڕییەکەوە ڕاگیراوە.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو ڕایگەیاندووە لە نزیکەی کاتژمێر 04:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممەوە، 29-04-2024، لە نزیک گوندی قزلیاری باشووری شاری کەرکووک، بۆڕییەکی غاز شکاوە کە غازی ڕەوانەی کۆمپانیای غازی باکوور دەکرد.

ئاماژەی بەوەش کرد، چەند خولەکێک دوای شکانی بۆڕییەکە، بوونی غاز بە شێوەیەکی بەرفراوان لە دوروبەری گوندی قزلیار بڵاوببووەوە، بۆیە لە ترسی گڕگرتنی بۆڕییەکە، گوندەکە بە تەواوەتی چۆڵ کراوە.

ئێستا تیمەکانی بەرگریی شارستانی و تیمە تەکنییەکانی کۆمپانیای غازی باکوور سەرقاڵی چاککردنەوەی بۆڕییەکەن. بەرپرسانی کۆمپانیاکە بە پەیامنێری کوردستان24ـیان ڕاگەیاند، رووداوەکە تیرۆریستی نەبووە و ناردنی غاز لە ڕێگەی بۆڕییەکەوە ڕاگیراوە.

بە گوتەی بەرپرسانی کۆمپانیای غازی باکوور، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بۆڕییەکە چاک دەکرێتەوە و غاز ڕەوانەی کۆمپانیاکە دەکرێت. لەبارەی زیانەکانیش، هەمان سەرچاوە روونیکردەوە، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەوە.

هه‌واڵی زیاتر