بەرپرسێک وردەکاریی بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەران دەخاتە ڕوو و دەڵێت: ”ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانی بڕیارەکە جێبەجێ دەکەن.“
دوێنێ چوارشەممە، 27/3/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “بڕیارمان داوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بکات بە تەرخانکردن و دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی، کە تاوەکوو ئێستا لە حکوومەت سوودمەند نەبوون.”
د.عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان راگەیاند: “بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی زەوی، هەموو فەرمانبەران دەگرێتەوە، بە فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەستەوە، کە لەڕابردوودا سوودمەند نەبوونە، ئەوەش وەکوو مافێکە و حکوومەتیش ئەو مافە دەدات.”
زیاتر گوتیشی: “ئەنجوومەنی وەزیران سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی راسپارد، کە لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی بەیەکەوە هەماهەنگی بکەن و رێکاری دابەشکردنی زەوی دەستنیشان بکەن.”
عەبدولحەكیم خەسرەو ئاماژەی بەوەش دا: “ڕێنوێنی بۆ ئەو بابەتە دەردەچێت، بۆ ئەوەی لە شار و شارۆچکەکان زەوی تەرخان بکرێت و لە پڕۆسەیەکی ورد زەوی بە فەرمانبەران دەدرێت، کە ماوەیەکی زۆری پێناچێت، چونکە وەزارەتی شارەوانی پێشتر میکانزمی خۆی بۆ ئەو پڕۆسەیە هەبووە و ئەزموونی زەوی دابەشکردنیشمان هەیە.”
بەرپرسەکەی ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە، دەستیشانکردنی ناوی فەرمانبەران بەپێی ڕێکاری تابیەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت و دواتر وەزارەت و دامەزراوەکانی لێ ئاگادار دەکرێتەوە، گوتیشی: “زەوی تەرخانکردن و شوێنەکان و بابەتی زەوی کوژاندنەوە ئەوەیان وەزارەتی شارەوانی دەیکات.”
سەبارەت بە وردەکاریی زیاتر و پێدانی زەوی بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دووپاتی کردەوە،: “کە بڕیارەکە دەرچوو، ڕوونکردنەوەی زیاتر دەدەین.”
ئەوەشی خستە ڕوو، بابەتی دروستکردن و پێدانی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ چین و توێژەکان بەردەوام دەبێت، گوتیشی: “لە ڕێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە، دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ بەشێکی مووچەخۆران و کەمدەرامەت و کرێچی و چین و توێژەکانی دی بەردەوام دەبێت، ئەوەیان پرسێکی جیاوازە لە زەوی دابەشکردن.”