سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

‎دلێر عەبدولقادر (سەری بڵندە هەولێر)ی بڵاوکردەوە ‎

هونەرمەند دلێر عەبدولقادر، نوێترین بەرهەمی بڵاوكردەوە كە پێشكەشی شاری هەولێر كردووە.

شەوی هەینی رابردوو هونەرمەند دلێر عەبدولقادر نوێترین بەرهەمی بەناوی (سەری بڵندە هەولێر) بڵاوكردەوە كە باسی ئارامی و خۆڕاگری شاری هەولێر دەكات.

ئەم بەرهەمە نوێیەی دلێر عەبدولقادر، لە هۆنراوە و ئاواز و میلۆدی خۆیەتی و هەریەك لە مامۆستا كازم کۆیی و هەڤاڵ عەلی هاوكاری بوون، هەروەها سەرهەنگ ئیلهام ئاكرەیی دابەشكردنی موزیكی بۆ كردووە و محەمەد ئاكرەیی كاری تۆماركردنی دەنگی ئەنجامداوە و هەڤاڵ حەمەدیش سەرپەرشتیاری كارەكە بووە.

لەو بارەیەوە دلێر عەبدولقادر بە (هەولێر)ی راگەیاند، ئەم بەرهەمە نوێیەی پێشكەشی شاری هەولێری خۆشەویست دەكات كە شارێكی زیندووی خۆڕاگرە و هەرگیز خۆی ناچەمێنێت و وتی “ئەم شارە بە شاری هۆلاكۆ بەزێن ناسراوە و بەدرێژایی مێژوو خۆڕاگر بووە و هەمیشەش بە سەربڵندیی دەمێنێتەوە، بۆیە ئێمەش ئەو بەرهەمە نوێیەمان پێشكەشی شارە خۆشەویستەكەمان كردووە”.

دلێر عەبدولقادر بەوە ناسراوە كە بەرهەمەكانی زۆربەیان شادن، بەڵام ماوەیەكی زۆرە كاری نوێی هونەری نییە، لەو رووەوە وتی “بەهۆی ئەو دۆخە سیاسی و ئابورییەی رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، كاریگەری زۆری لەسەر لایەنی هونەریش هەیە، بۆیە ئێمەش كەمێك لە كاری هونەریش وەستاین، بەڵام ئێستاش سەرقاڵی دوو بەرهەمی دیكەین و ئیشەڵا لە داهاتوودا بڵاویان دەكەینەوە”.

 

هه‌واڵی زیاتر