سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

هەسارۆكەیەك بە خێراییەکی زۆرەوە بەرەو زەوی دێت


پەیمانگەی (IAC)ی تایبەت بە لێكۆڵینەوەی فیزیای فەلەكی لە دوورگەی كەناری بڵاوی كردەوە كە خەریكی لێكۆڵینەوەن لە هەسارۆكەیەك بە ناوی 2023 FY3، كە بە خێراییەكی زۆر بەرەو ڕووی هەسارەی زەوی دێت و ئەگەری هەیە بەر زەوی بكەوێت.

بەپێی هەواڵەكە، كە كەناڵی (ئەلعەرەبیە) بڵاوی كردووەتەوە، نزیكەی 1.9 مليۆن هەسارۆكە لە پشتێنەی ئەستێرەکانی کۆمەڵەی خۆردا هەن، كە درێژكراوەیەكی بەرفرەوانی بەردەكانی بۆشایی ئاسمانن لە نێوان هەردوو هەسارەی مەریخ و موشتەری، هەندێك جار دەشێ هێزی زەبەلاحی كاكێشانی هەسارەی موشتەری، ئاراستە و خولگەی هەسارۆكەكان بگۆڕێ، ئەگەریشی هەیە ئەو ڕووداوانە چەندین هەسارۆكە لە پشتێنەی سەرەكیی خولگەی خۆیاندا بخەنە دەرەوە و ئاراستەی هەسارەكانی تریان بكەن، لەوانەش ئاراستەی هەسارەی زەوی.

بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیمانگەكە، هەسارۆكەی 2023 FY3 لە ڕێڕەوی پێکداداندایە لەگەڵ هەسارەی زەوی و ڕەنگە لە 100 ساڵی داهاتوودا بەر زەوی بکەوێت.

ئەم هەسارۆكەیە لە نیسانی 2023دا دۆزرایەوە و توێژەرانی پەیمانگای فیزیای فەلەکی دوورگەکانی کەناری و زانکۆی (UCM) کۆمپلۆتێنسی مەدریدی ئیسپانی لەم دواییانەدا ئەنجامەکانی لێكۆڵینەوەكانیان لە هەسارۆكەكە لە گۆڤاری Astronomy & Astrophysics بڵاو کردەوە و تیایدا دەریانخستووە كە هەرچەندە قەبارەی ئەو هەسارۆكەیە بچووکە و مەترسییەکی گەورە دروست ناکات، بەڵام ڕێڕەوەکەی هاوشێوەی ڕێڕەوی هەسارۆكەكانی دیکەیە کە بەرەو زەوی دەڕۆن.

درێژیی هەسارۆكەكە پێنج مەترە و ئەگەری هەیە پارچەیەك بێت لە هەسارۆكەیەكی تر، بەڵام بە خێراییەكی زۆر بەرەو زەوی دێت كە مەزەندە دەكرێت 61 هەزار كیلۆمەتر تاكو 90 هەزار كیلۆمەتر بێت لە كاتژمێرێكدا.

هه‌واڵی زیاتر