سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

مەسرور بارزانی : دڵنیایی دەداتە زیانلێكەوتوانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دڵنیایی دەداتە زیانلێکەوتوانی ڕووداوەکەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان درێغی لە نۆژەنکردنەوەی شوێنی ڕووداوەکە و هاوکاریی زیانلێکەوتوان ناکات.

دوای ئەوەی ڕۆژی ڕۆژی دووشەممە (6ـی ئایاری 2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد و لە نزیکەوە زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی ڕابردووی بینی.

مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا کە لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە: “کاسبکارانی بازاڕەکەم دڵنیا کردەوە کە درێغی ناکەین لە نۆژەنکردنەوە و یارمەتیدانی زیانلێکەوتوان”.

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە: “سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم شەوی ڕووداوەکە، ماندوو بوون و گیانی خۆیان خستە مەترسییەوە بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان”.

لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بازاڕی قەیسەریی هەولێر، مەسرور بارزانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ڕاسپارد کە لە زووترین کاتدا، لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنە بکەن بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا بە هۆی کەمتەرخەمی و پابەندنەبوونە بە رێنونییەكان یان دەستێکی خراپەکاری لە پشت ڕووداوەکەوەیە.

شەوی 5ـی ئایاری 2024، ئاگر لە بەشێک لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە، دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاگوزاریی هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لەبەر فراوانیی قەبارەی ئاگرەکە و سەختیی گەیاندنی هۆیەکانی کوژاندنەوەی ئاگر، دوای چەند کاتژمێرێک ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کرا.

هه‌واڵی زیاتر