سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

ھەواڵێکی گرنگ لە ئەمریکاوە بۆ ھەرێمی کوردستان


شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیان کرد و رایانگەیاند، هەرێمی کوردستان “هاوپەیمان و هاوبەشێکی ستراتیژی 360 پلەی ئەمریکایە لە عێراق و ناوچەکەدا.”

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی ئایار، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەزرا زییا، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی سڤیل، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ کرد.

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئامادەی بوو، “برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پێکهاتەکان و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازاديی ئایینی و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال تاوتوێ کرا.”

بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، “خۆشحاڵيی خۆی بە سەردانکردنی هەرێمی کوردستان نیشان دا و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هاوپەیمان و هاوبەشێکی ستراتیژی 360 پلەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لە عێراق و ناوچەکەدا.”

 هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی و کارکردن لەپێناو برەودان بە بەها هاوبەشەکانی دیموکراسی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازاديی بیروڕا و راگەیاندن و ئازاديی کارکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی.

مەسرور بارزانی سوپاسی پشتیوانی و هاریکاریی بەردەوامی ئەمریکای کرد و پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە چەسپاندن و بەهێزکردنی بنەما دیموکراسییەکان و پاراستنی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی دووپات کردەوە.

هاوکات، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر “ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە زووترین کات” و پاراستنی مافەکانی پێکهاتەکانی کوردستان و چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگانەی لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنن.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، جەخت کردنەوە بوو لەسەر “جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و گرووپە نایاساییەکان و زەوینە خۆشکردن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە و ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.”

هه‌واڵی زیاتر