سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

لە ھەفتەی داھاتوودا شوێنی زەوی بۆ فەرمانبەران دیاری دەکرێت

ڕۆژی پێنجشەممە (9ـی ئایاری 2024) بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، كۆبوونەوەی دووەمی ئەنجوومەنی شارەوانی بەمەبەستی دەستپێكردنی هەنگاوە كردارییەکانی بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بەڕێوەچوو، کە لە کۆبوونەوەکەدا ڕاوێژكاران، بەڕێوەبەرانی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و یاسا لە وەزارەتی شارەوانی، بەڕێوەبەرانی گشتیی شارەوانییەكان، سەرۆكی شارەوانییەكان، بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان ئامادەبوون.

لەلایەن خۆیەوە، ساسان عەونی، بەدواداچوونی بۆ كاری شارەوانییەكان كرد كە لە كۆبوونەوەی ڕابڕدوودا ڕایسپاردبوون بۆ زانینی ژمارەی مەزەندەكراوی فەرمانبەران و دابینكردنی زەوی و نەخشەی زەوی و دیاریكردنی شوێن و گرفتە تەكنیكی و یاساییەكان لە سنووری شارەوانییەكانیان بۆ ئەوەی بەزوویی فەرمانبەران لە بڕیارەكەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بۆ دابەشكردنی زەوی سوودمەند ببن.

لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر پەلەكردن لە پرۆسەكە كردەوە و داوای لێكردن هەتا هەفتەی داهاتوو. دەبێت سەرجەم شارەوانییەكان ڕاپۆرتێكی تەواو و تێروتەسەل ئامادە بكەن و تێیدا ژمارەی فەرمانبەران و شوێنی دابینكردنی زەوی لەسەر نەخشەدا دیاری بكرێت، ئاماژەی بەوەش کرد؛ ئەگەر زەوی لە سنووری ماستەرپلاندا بەردەست نەبوو، بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی فەرمانبەران لە وەرگرتنی زەویدا سوودمەند ببن، پێویستە ماستەرپلانی شارەوانییەکان فراوان بکەن و زەوی دابین بکەن.

هه‌واڵی زیاتر