سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

لە سعودیە یەکەم دووکانی فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان دەکرێتەوە


بۆ یەکەمجار دووکانی خواردنەوە کحولییەکان لە سعودیە دەکرێتەوە، بەڵام کڕیارەکانی تەنیا ئەو دیپلۆماتکارە بیانیانە دەبن، کە لەو وڵاتەدان.

رۆژی چوارشەممە (24ـی کانوونی دووەمی 2024) سعودیە بڕیاری دا رێگە بە کردنەوەی دووکانێکی فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان بدات، بەڵام تەنیا دیپلۆماتکارە بیانییە ناموسڵمانەکان بۆیان هەیە لەو دووکانە خواردنەوەکان بکڕن. دووکانەکە لە شاری ریازی پایتەختی سعودیە دەبێت.

لەساڵی 1952ـوەوە، سعودیە بە یاسا فرۆشتن و خوارنەوەی کحوولی لە شوێنە گشتییەکان قەدەخە کرد، ئەمەش لەدوای ئەوەی یەکێک لە کوڕەکانی شا عەبدولعەزیز، دامەزرێنەری سعودیە، سەرخۆش دەبێت و تەقە لە دیپلۆماتکارێکی بەریتانی دەکات و دەیکوژێت. 

چەند ساڵێکە باس لە ئاسانکاریی ئەو یاسایە لەنێو کۆمەڵگەی سعودی دەکرێت، ئەمەش وەک بەشێک لە هەنگاوە ریفۆرمەکانی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، لە چوارچێوەی روانگەی 2030، کە بەشێک لەو ریفۆرمانە چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، وەک کردنەوەی سینەما، سازکردنی فێستیڤاڵی میوزیکی کە کوڕان و کچان پێکەوە دەتوانن بەشداری تێدا بکەن. 

رۆژی چوارشەممە حکومەتی سعودیە، لە راگەیێندراوێکدا، رایگەیاند دەسەڵاتداران چەند رێکارێکی نوێ دەگرنەبەر بۆ “بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە خواردنەوە کحولییەکان کە لە رێگەی ناوەندە دیپلۆماسییەکانەوە بەردەستە.”

هەروەها بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بڕێکی دیاریکراوی خواردنەوە کحولییەکان رێگەی پێدەدرێت هەر کاتێک بیانییەک سەردانی سعودیە بکات.  هەرچەندە لە راگەیێندراوەکەی حکومەتدا باس لە کردنەوەی ئەو دووکانەی شاری ریاز نەکراوە، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە رێکارە نوێیەکان، رێز لە پەیماننامە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکان دەگرن. 

بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، کڕیاران سەرەتا دەبێت لە رێگەی ئاپێکی مۆبایلەوە خۆیان ناونووس بکەن، دواتر لە رێگەی کۆدێکەوە، کە وەزارەتی دەرەوەی سعودیە دەینێرێتەوە بۆ کڕیارەکە، دەتوانن سەردانی دووکانەکە بکەن و خواردنەوە کحولییەکان بکڕن.

هەروەها بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، ئەو کەسانەی بۆیان هەیە ئەو خواردنەوە کحولیانە بکڕن، مانگانە بڕێکی سنوورداری هەیە و ناتوانێت لەوە زیاتر بکڕێت.

بەگوێرەی یاسای سعودیە، سزای خواردنەوە و دەستبەسەرداگرتنی خواردنەوە کحولییەکان بریتی بوو لە؛ پێبژاردن، زیندانیکردن یان قامچیلێدان و بۆ کەسانی بیانیش دیپۆرتکردنەوە بوو.

هه‌واڵی زیاتر