سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

كەشناسێك پێشبینی دەكات، سبەینێ لە هەندێك ناوچە لە هەرێمی كوردستان، نزیكەی 2 مەتر بەفر ببارێت

كەشناسێك پێشبینی دەكات، سبەینێ لە هەندێك ناوچە لە هەرێمی كوردستان، نزیكەی 2 مەتر بەفر ببارێت.

ئاراس جەبار، شارەزای  بواری كەشناسی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە قۆناغێكی دیكەی بارانبارین بە شێوەی پچر پچر دەستپێدەكاتەوە،  پێشبینی دەكرێت رۆژانی ھەینی، شەممە و یەكشەممە كاریگەری زیاتر و چالاكتر ببێت.

بە وتەی ئەو كەشناسە، لە ماوەی ڕۆژانی ھەینی تا یەكشەممە پێشبینی بەفرێكی چڕ و سپی پۆشبوونی سەنتەری ئەم ناوچانە دەكەین: ئامێدی، مێرگەسوور، بامەرنێ و كانی ماسێ، لەگەڵ تەواوی بەرزاییەكانی سەروو ١٢٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا لە سنووری پارێزگای دھۆك و ھەولێر بەفر بارینی چڕ دەبێت.

ئاراس جەبار دەڵێت، لە ھەمان ماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا پێشبینیمان وایە بەفر لە سەنتەری ئەم ناوچانەشدا ببارێت بەشێوەی ناوبەناو بە تێكەڵی لەگەڵ باران واتا ئەگەری سپی پۆشبوونیان كەم دەبێت لە پێنجوێن، چەمانكێ، سیدەكان، قەسرێ، چۆمان، مانگێش، گەرمك، بەرزنجە، سەرسنگ لە سنووری پارێزگای دھۆك و ھەولێر لە بەرزایەكانی نێوان ١٠٠٠ بۆ ١٢٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا بەفر و بارانی تێكەڵ دەبارێت.

لەبارەی رێژەی بارانبارین لەماوەی ئەو شەپۆلە، ئاراس جەبار پێیوایە، لە ناوچەكانی سنووری پارێزگای كەركوك و ئیدارەی گەرمیان ئەگەری ٢٠ بۆ ٤٠ ملم دەبێت، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە ئەگەری ٤٠ بۆ ٨٠ ملم، لە سنووری پارێزگای دھۆك و ھەولێر ئەگەری ٤٠ بۆ ١٠٠ ملم و لەناوچە شاخاویەكان زیاتر لە ٢٠٠ ملم، لە سنووری ئیدارەی راپەرین ئەگەری ٦٠ بۆ ١٥٠ ملم و لەناوچە شاخاویەكان زیاتر لە ٢٥٠ ملم دەبێت.

سەبارەت بە ڕێژەی بارینی بەفریش، ئەو كەشناسە پێشبینی كرد، لە زنجیرە چیا بەرزەكانی ناوچە سنوورییەكاندا ئەگەری بارینی زیاتر لە ٢ مەتر دەبێت، لە ناوچە شاخاوییەكانی دیكەشدا ١٠ تا ٤٠ سانتیمەتر، كاریگەری شەپۆلی بەفر و بارانبارین تا ئێوارەی رۆژی یەكشەممە بەردەوامی دەبێت و لە ١٥ی مانگەوە كەش لە تەواوی ناوچەكانمان سەقامگیر دەبێتەوە.

هه‌واڵی زیاتر