سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

لێدوانی حکومەتی عێراق لە بارەی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت دوای کۆبوونەوەی بایدن و سوودانی

گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایدەگەیێنێت، “بە دڵنیاییەوە” بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوت لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە لە کارە لەپێشینەکانی حکومەتی ناوەندییە.
باسم عەوادی لە ئەمریکاوە، گوتی: “لەوەش زیاتر، پتەوکردنی پەیوەندییەکانیش لەنێوان حکومەتی ناوەندی لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوە کاری لەپێشینەیە. سەقامگیریی هەرێمی کوردستان سەقامگیریی عێراق و بەغدایە و بەپێچەوانەشەوە.”
وەکو عەوادی باسی دەکات، گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان “رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت” لەسەر تەواوی پارێزگاکانی عێراق و “دڵنیابوونی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان و وەرگرتنی مووچەکانیان بە بەردەوامی، بە هەمان شێوە سەقامگیری بەدوای خۆیدا دەهێنێت و حکومەتی عێراقیش بەدوای ئەو سەقامگیرییەدا دەگەڕێت.”
15ـی ئەم مانگە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی کرد و کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەبوو، باسی پرسی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، هەناردەکردنەوەی نەوت، پێدانی مووچە و هەڵبژاردن کرا.

باسم عەوادی دەڵێت، سەرۆکی ئەمریکا، وەزیرانی دەرەوە و بەرگری پێزانینیان هەبوو بۆ ئەو سەقامگیرییەی سوودانی لە ساڵێک و نیوی رابردوودا هەوڵی بۆ داوە کە ئەو ماوەیە بووە عێراق زۆرترین سەقامگیری بەدیکردووە.

دۆخی جیۆسیاسیی ناوچەکە، لێکەوتەکانی شەڕ لەدوای 7ی ئۆکتۆبەر و رەوشی نێوخۆیی عێراق بەشێکی دیکەی تەوەری گفتوگۆکانی بایدن و سوودانی بوون.

لەسەر بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی پاریس، لە مانگی ئاداری ساڵی 2023وە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە راگیراوە.

گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، “هەناردەکردنی نەوت پرسێکی زۆر گرنگە لە بودجەی 2023 و هەناردەی 400 بۆ 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان دەبوو بێتە نێو بودجە. بۆیە چارەسەری کێشەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان پرسێکی سەرەکییە و پەیوەستە بە سامان و بودجەی عێراق. حکومەتی عێراقیش هەوڵدەدات لە رێگەی گفتوگۆوە لەگەڵ هەرێم چارەسەری بکات لە رێگەی شاندەکانەوە کە دێن و دەچن و بەشێکیان رادەگەیێندرێن و بەشێکیشیان راناگەیێندرێن و لەگەڵ راوێژکاران کۆدەبنەوە.”

باسم عەوادی: . پێموایە لەو بابەتە گرنگانەی لە کۆبوونەوەی سەرۆک بایدن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق باسکرا، دۆخی جیۆسیاسی و هەرێمیی ناوچەکە بووە. وەک خۆشتان ئاگاداری لێکەوتەکانی شەڕن لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە. دواتر باسی رەوشی نێوخۆیی عێراق کرا لەوەی پەیوەستە بە سەقامگیریی عێراق و پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دۆخی عێراق بەگشتی. بایدن و وەزیری دەرەوە و ئۆستن پێزانینیان هەبوو بۆ ئەو سەقامگیرییەی سوودانی لە ساڵێک و نیوی رابردوودا هەوڵی بۆ داوە کە ئەو ماوەیە بووە عێراق زۆرترین سەقامگیری بەدیکردووە. بابەتی وزەش گرنگە.

سەرۆک بایدن و سەرۆکوەزیران هاوڕابوون لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا، هەڵوێستی عێراق لەمبارەیەوە چییە؟ ئایا دەست بە هەناردەی نەوت دەکەنەوە؟

باسم عەوادی: بەڵێ بەدڵنیاییەوە. بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوت لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە لە کارە لەپێشینەکانی حکومەتی ناوەندییە. لەوەش زیاتر، پتەوکردنی پەیوەندییەکانیش لەنێوان حکومەتی ناوەندی لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوە کاری لەپێشینەیە. سەقامگیریی هەرێمی کوردستان سەقامگیریی عێراق و بەغدایە و بەپێچەوانەشەوە. گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر تەواوی پارێزگاکانی عێراق. دڵنیابوونی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان و وەرگرتنی مووچەکانیان بە بەردەوامی، بە هەمان شێوە سەقامگیری بەدوای خۆیدا دەهێنێت و حکومەتی عێراقیش بەدوای ئەو سەقامگیرییە دەگەڕێت. هەناردەکردنی نەوت پرسێکی زۆر گرنگە لە بودجەی 2023 و هەناردەی 400 بۆ 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان دەبوو بێتە نێو بودجە. بۆیە چارەسەری کێشەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان پرسێکی سەرەکییە و پەیوەستە بە سامان و بودجەی عێراق. حکومەتی عێراقیش هەوڵدەدات لە رێگەی گفتوگۆوە لەگەڵ هەرێم چارەسەری بکات لە رێگەی شاندەکانەوە کە دێن و دەچن و بەشێکیان رادەگەیێندرێن و بەشێکیشیان راناگەیێندرێن و لەگەڵ راوێژکاران کۆدەبنەوە. جارێکی دیکە دڵنیات دەکەمەوە؛ ململانێ نییە لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، با تۆ و هاووڵاتییانیش لە هەرێمی کوردستان دڵنیابکەمەوە، لەسەر بنەمای ناکۆکی سیاسی لە بابەتی مووچە و نەوت سەیری حکومەتی عێراقی مەکەن. ئەمە خزمەتی هیچ لایەک ناکات، بەڵام هەندێ کێشەی دەستووری و بڕیاری دادگەی فیدراڵی و دارایی هەن، پێویستی بە هەندێ کاتە بۆ رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا. هەرکاتێکیش دەگەینە نزیکبوونەوەی دەستووری و یاسایی کە لەگەڵ بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی، یاساکانی پەرلەمان و بودجەی فیدراڵی بگونجێت، ئەوە بێگومان پشت بەخوا دەگەینە چارەسەر.

هه‌واڵی زیاتر