سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

لەبارەی عێراقەوە، ئەمریکا لێدوانێکی سەرنجڕاکێشیدا!

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە توندی هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر سەرکۆنە دەکات و ڕایگەیاند: هێرشكردنه‌سه‌ر ژێرخانی مه‌ده‌نی به‌كه‌م سه‌یركردنی سه‌روه‌ری عێراقه‌.

ڕۆژی دووشەممە (29ـی نیسانی 2024) ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا ڕایگەیاند: بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەین.

ڤێدانت پاتێل گوتی: “ئێمە بە توندی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر سەرکۆنە دەکەین. سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خێزانی کوژراوەکان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین”.

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا ئاماژەی بەوەشکرد: “وەک پێشتریش گوتوومانە، ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی مەدەنی، بەکەم سەیرکردنی سەروەری عێراقە”.

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و لە ئەنجامدا چوار کارمەندی یەمەنی کێڵگە کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، ئەمەش دووەم هێرشی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بوو لەمساڵدا.

دوای هێرشەکەش، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەک بۆ هاوبەشانی کارەبا ئاماژەیان بەوەکرد: “بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە”.

لەلایەن خۆشیەوە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی غازی کۆرمۆریان کردە ئامانج کە بەداخەوە تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەهیدبوون، جگە لەوەش زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووە، کە ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو.

هه‌واڵی زیاتر