سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

قوباد تاڵەبانی 10 ساڵە بەڵێنی تەواوكردنی ڕێگەی كەلار – دەربەندیخان دەدات و جێبەجێی ناكات.

دوێنێ دووشەممە 15ی نیسانی 2024، قوباد تاڵەبانی سەردانی پڕۆژەی قیڕتاوكردنی شەقامی کەلار- دەربەندیخانی کرد و بانگەشەی پەلەكردنی لە تەواوكردنی كارەكان كرد.
لەمبارەیەوە دڵشاد جەلال کامل، چاودێری سیاسی راگەیاند، تەواوكردنی ئەو پرۆژەیە بووە بە حیكایەتێكی دوورودرێژ كە ساڵانێكە خەڵكی گەرمیان و دەربەندیخان خەونی پێوە دەبینن، ڕۆژانە هەزاران كەس لەم ڕێگەیەوە هاتوچۆ دەكەن، ڕێگەكەش وێرانەیە و هەفتانە خەڵكی دەبنە قوربانی.
هەروەك ڕوونی كردەوە: ”دوو سێ نەوە لە گەرمیان لەوەتەی لەدایك بوون تا ئەمڕۆ، خەون بە تەواوكردنی ئەم ڕێگەیەوە دەبینن! ڕۆژنامەنووسێك هەبوو بە ناوی ئاراس، كەمپینێكی بۆ تەواوكردنی ڕێگەی نێوان كەلار – سلێمانی دانابوو، لە مانگی 12ی 2021 خۆی بە ڕووداوی هاتوچۆ لەو ڕێگەیە گیانی لەدەست دا، كەچی ڕێگەكە هەر تەواو نەكرا. هەندێك لە سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە تەنیا لە 2021دا نزیكەی 300 كەس لەو ڕێگەیە گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوون.“
ئەوەشی ئاشكرا كرد: ”ئەمە یەكەم جار نیە سەرانی یەكێتی لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا بانگەشەی تەواوكردنی ڕێگەی نێوان كەلار – دەربەندیخان دەكەن، بەڵكوو لە 2010ەوە بەردەوام ئەم بانگەشەیە دەكەن، چەندان جار پارە بۆ پرۆژەكە تەرخان كراوە و سەرانی یەكێتی دزیویانە. دەڤەری گەرمیان مەرزی نێودەوڵەتیی تێدایە و داهاتێكی زۆر و جۆراوجۆری هەیە، یەكێتی هەموو داهاتەكە دەدزێ و ئامادەش نییە ڕێگەیەك بۆ ئەو خەڵكە بكاتەوە. هەر قوباد تاڵەبانی خۆی، 10 ساڵە بەڵێنی تەواوكردنی ئەم ڕێگەیە دەدا و تا ئەمڕۆش بەڵێنەكەی جێبەجێ نەكردووە، كەچی خۆیشی لە ترسی خراپیی ڕێگەكە، بە هێلیكۆپتەر دەچێتە كەلار، چونكە ژیانی خۆی بە گرنگ دەزانێ و ژیانی خەڵكیش بە بێنرخ.“

هه‌واڵی زیاتر