سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

سەرۆک بارزانی: ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو کۆمەڵکوژی و تاوانێک بەهێزترە.

سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی دەڵێت، “ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو چەک و کۆمەڵکوژی و تاوانێک بەهێزترە”.

ئەمڕۆ سێشەممە 16ی نیسانی 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆلی خۆشناوەتی پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە، “ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو چەک و کۆمەڵکوژی و تاوانێک بەهێزترە. لە سی و حەفتەمین ساڵیادی تاوانی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی لە لایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەو تاوانە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان”.

ئەمڕۆ 16ی نیسان، 37 ساڵ بە سەر یەکەم هێرشی کیمیاویی ڕژێمی بەعس بۆ سەر کوردستان تێدەپەڕێت کە لە دۆڵی خۆشناوەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر، ناوچەکانی بالیسان و شێخ وەسان و گوندەکانی دەوروبەری کردە ئامانج، بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار هاووڵاتیی شەهید و بریندار و ئەنفال کران.

ئێوارەی 16ی نیسانی ساڵی 1987 ڕژێمی عێراق ھێرشی کیمیاوی کردە سەر دۆڵی بالیسان و گوندەکانی خۆشناوەتی کە بە یەکەمین هێرشیی کیمیاویی ڕژێمی بەعس بۆ سەر کوردستان هەژمار دەکرێت و بەهۆیەوە دەیان کەس لەژن و پیاو و منداڵ شەھید و برینداربوون.

دوای هێرشە کیمیاوییەکە دەیان هاووڵاتیی لە برینداربووان کە بۆ چارەسەر گەیەندراوبوونە نەخۆشخانەکانی هەولێر لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی بەعسەوە ڕفێندران و ئەنفالکران، تا وەکوو ئێستاش چارەنوسییان نادیارە.

هه‌واڵی زیاتر