سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

هەر دوکانێک تابلۆکەی بە کوردی بنووسرێت لێخۆشبوون لە باج دەیگریتەوە.

سەررا بوجاک هاوسەرۆکی هەڵبژێردراوی گەورە شارەوانی دیاربەکر لە چوارچێوەی هەڵمەتی بایەخدان بە زمانی کوردی چەند بڕیار و ڕێکارێک دەگرێتە بەر و ڕایگەیاند، هەر دوکاندارێک تابلۆی دوکانەکەی بە زمانی کوردی بنووسێت، ئەوا لێخۆشبوونی بۆ دەکرێت لە ڕێژەی ئەو باجەی دەکەوێتە سەری.

بوجاک کە لە هەڵبژاردنەکانی 31ی ئادار لەسەر لیستی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی دیاربەکر هەڵبژێردرا بە ڕۆژنامەکانی تورکیای ڕاگەیاندووە، وەک هەنگاوی یەکەم دوای دەست بەکاربوونی بڕیاری دا هەر دوکاندارێک تابلۆی دوکانەکەی بەزمانی کوردی بنووسێت و هەڵبواسێت، بەڕێژەیەکی باش لێخۆشبوونی باجی بۆ بکرێت.

گوتیشی: “ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ زیندووهێشتنەوەی زمانی کوردی کە دەوڵەمەندیی ئەم پارێزگاکە دەردەخات.”

هەروەها بڕیاریدا سەر لە نوێ سەنتەری فەرهەنگیی ئارام تێگران و جگەرخوێن بکەنەوە و گوتی: ئەو دوو ناوەندە لە بوارە جیاوازەکاندا خزمەتێکی بەرچاو پێشکەش بە هونەری کوردی دەکەن، چونکە یادەوەرییەکی زۆر گرنگییان لەگەڵ شانۆدا هەیە.

بوجاک گوتیشی “ژمارەی دانیشتوانی دیاربەکر لە دوو ملیۆن نزیک دەبێتەوە، بۆ ئەوەی هەموو کوردێک لە فێربوونی زمانی دایک سوودمەند بێت، لە لە سەنتەری شارۆچکەکانیش چەند ناوەند و سەنتەرێکی فەرهەنگی بۆ خوێندن و فێربوونی زمانی کوردی دەکەینەوە”.

ڕێکار و بڕیارەکانی هاوسەرۆکی گەورە شارەوانیی دیاربەکر کاردانەوەی زۆری لە نێو کۆمەڵگەی تورکیا دروست کردووە. هەرچەندە لەم چەند ساڵەی ئەم دوایە خوێندنی زمانی دایک بۆ منداڵانی کورد لە قوتانخانەی باکووری کوردستان کرایە بژاردە، بۆ ئەمساڵێش

وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، لە قوتابخانە ناوەندییەکانی باکووری کوردستان و لە 30 کانوونی دووەمی 2024 پرۆسەی ناونووسین خۆ تۆمارکردنی بۆ خوێندنی وانەی بژاردەی هەردوو شیوەزاری کورمانجی و زازاکی کردەوە و پرۆسەکە تا وەکوو 12ی شوباتی2024 بەردەوام بوو.

هه‌واڵی زیاتر