سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

حکوومەتی قوبرس: مافی پەنابەرێتی بە هیچ کۆچبەرێکی سووری نادەین.

حکوومەتی قوبرس ڕایگەیاند، بە هۆی کۆچی بە لێشاو و زۆربوونی ژمارەی کۆچبەرانی نائاسایی لەم مانگەدا، بڕیاریان داوە لەمەودوا مافی پەنابەرێتی بە هیچ کۆچبەرێکی سووری نەدەن.

نیکۆش خریستۆڤلیڤێس، سەرۆکی قوبرس بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، هەرچەند بڕیارێکی قورسە، بەڵام ئەمە ڕێکارێکی پەلەیە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی قوبرسدا گرتوویانەتە بەر.

بەگوێرەی ئامارەکانی حکوومەتی قوبرس تەنیا لە 15 ڕۆژی ڕابردووەوە زیاتر لە هەزار کۆچبەری نایاسایی چوونەتە ئەو وڵاتە کردووە؛ بۆ ڕێگریی لە کۆچی نایاسایی، سەرۆکی قوبرس هەفتەی ڕابردوو جیا لەوەی سەردانی لوبنانی کرد، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ کۆمیسیاری یەکێتیی ئەوروپاش کرد بۆ ئەوەی هاوکاریی حکوومەتی لوبنان بکەن تا وەکوو ڕێگە لەو کۆچە نایاساییە بگرن کە لەوێوە بەرەو ئەوروپا بەڕێ دەکەون.

سەرۆکی قوبرس داواشی لە یەکێتیی ئەوروپا کردووە هەوڵێکی زیاتر بدەن هەم بۆ زیادکردنی هاوکارییەکانی لوبنان هەم چاوێک بە دۆخی سووریادا بخشێننەوە کە بەهۆی شەڕەوە دانیشتووانەکەی ئاوارەی وڵاتان بوونە.

قوبرس بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە نزیکترین وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە دووری 160 کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژئاوای کەناراوەکانی لوبنان و سووریا، ئەمەش وایکردووە قوبرس ببێتە یەکەم وێستگەی بەشێکی زۆری ئەو کۆچبەرەی نایاساییانەی لە لوبنانەوە بە ڕێگەی دەریاوە ڕوو لە ئەوروپا دەکەن.

هه‌واڵی زیاتر