دوای قەدەغەکردنی دروێنەی گەنم و جۆ لە جووتیارانی سنووری سەرگەڕانی سەر بە پارێزگای کەرکووک لەلایەن سوپای عێراق، ئەمڕۆ دروێنەکردن لە چەند گوندێکی دیکەی کوردنیشینیش قەدەغەکرا.
دوای پەڵکانە و سەرگەڕان، ئەمڕۆ دووشەممە، 29-4-2024، دروێنەکردن لەسنووری گوندەکانی ساڵەیی سەر بە شارەدێی پردێش بە بڕیاری سوپای عێراق ڕاگیراوە و سەرجەم جوتیارانی سنوورەکەش ئاگادارکراونەتەوە کە نابێت بەرهەمەکانیان دروێنە بکەن.
هەر لەسەر ئەوبابەتە دوو جوتیاری کوردیش لەکاتی دروێنەکردنی جۆ لە گوندی گەڵۆزی لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستگیر کران.
ڕۆژی یەکشەممە، 28-04-2024، محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە پارێزگای کەرکووک، ڕاگەیاند، “بە بڕیاری فەرماندەی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق، سەرجەم جووتیارانی کورد لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان ئاگەدارکرانەوە کە دروێنەی بەرووبوومەکانییان قەدەغەیە و هەرکەسێک سەرپێچی بکات سزا دەدرێت”.