هونه‌رمه‌ند عارف چۆپان گۆرانیه‌كی به‌ناوی (ماڵا منێ) بۆ ئیش و ئازاری گه‌لی كورد به‌هۆی بومه‌له‌رزه‌ی باكوور و رۆژئاوای كوردستان بڵاو كرده‌وه، تێكست و ئاوازه‌كه‌ی له‌لایه‌ن هه‌ڵبه‌ستوان (عیسا بۆتانی) داندراوه و (فارس چۆپان) به ژه‌نینی ئامێری گیتار و كاری تۆماركردن به‌شداری له به‌رهه‌مهێنانی گۆرانییه‌كه كردووه.
عارف چۆپان سه‌باره‌ت به ناوه‌رۆكی گۆرانییه‌كه بۆ ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێر باسی له‌وه كرد كه ئه‌و برین و مه‌رگه‌ساته‌ی له جه‌سته‌ی كوردانی ئه‌و هه‌ردوو به‌شه‌ی كوردستان كه‌وت ئه‌وه‌نده به ئازار بوو، زۆر پێی خه‌مبار بووین و ویستمان له رێگه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌وه به كه‌سوكارمان له‌وێ بڵێین ئێمه وه‌كو رۆح و دڵ و ناخ له‌یه‌كتری جیا نین و هه‌میشه هه‌ست به ناخۆشییه‌كانیان ده‌كه‌ین… هه‌ر هاوارێك له‌وێ هه‌ستێ به‌ر له‌هه‌ر مرۆڤێكی ئه‌و جیهانه ئێمه پێی دڵته‌نگ و خه‌فه‌تبار ده‌بین… بۆیه داوام له هه‌ڵبه‌ستوان (عیسا بۆتانی) كرد ئاماده‌كاری بۆ به‌رهه‌مێكی هونه‌ری بكه‌ین وه‌كو هاوخه‌می بۆ ئازیزانمان له باكوور و رۆژئاوا و له‌و رێیه‌وه ده‌ربڕین له‌و كاره‌ساته وێرانكه‌ره‌یه بكه‌ین كه تووشی میلله‌ته‌كه‌مان هات و به هه‌زاران كه‌س له‌ژێر دار و په‌ردووی خانووه‌كانیان گیانیان سپارد و بریندار بوون.
(عیسا بۆتانی)یش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه باسی له‌وه كرد كه: (هه‌رچه‌ند وشه‌كان ناتوانن ئه‌و ناخۆشی و برینه‌ی سه‌خته‌ی كورد راگرێت و تیماری بكا، به‌ڵام ئێمه‌ش وه‌كو ئه‌ركێك ویستمان ئه‌وه بخه‌ینه ڕوو كه میلله‌تێك له‌سه‌ر گوێی زه‌وی هه‌یه كه خاوه‌نی خاك و نیشتمانێكه به‌درێژایی مێژوو نه‌یتوانیوه هه‌ناسه‌یه‌ك هه‌ڵكێشێت و به ئارامی بژیت.. بۆیه له به‌شێكی تێكسته‌كه باس ساته‌وه‌ختی بوومه‌له‌رزه‌كه كراوه كه خه‌ڵكی كورد بیری بۆ ئه‌وه نه‌چووه كه رووداوێكی سرووشتی وه‌كو ئه‌ردهه‌ژ بووبێت و وایزانیووه دیسان دوژمن و نه‌یاران شاره‌كانیانی بوردومان كردووه… ).