سۆرانی | English | العربية | kûrmançi               

وێنە،بەرپرسێکی تری یەکێتی ژەهرخوارد کراوە

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی ژەهرخوارد کراوە و پشکنینە پزیشکییەکانیش راستی ژەهرخواردکردنەکەیان یەکلایی کردووەتەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە حەسەن نووری، ناسراو بە وەستا حەسەن، بەڕێوەبەری پێشووی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی رابردوودا چەند نیشانەیەک لە تەندروستیی وەستا حەسەن، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی و بەڕێوەبەری پێشووی ئاسایشی سلێمانی دەرکەوت.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، وەستا حەسەن بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنین لە رۆژی 1-10-2021 سەردانی ئەڵمانیای کردووە و لەوێ پشکنینەکانی بۆ کراوە و دەرکەوتووە ژەهرخوارد کراوە. وەستا حەسەن رۆژی 9-10-2021 گەڕاوەتەوە کوردستان و تەندروستیی جێگیرە، ژەهرەکە بە رێژەیەکی کەم لە لەشیدا ماوەتەوە، بەڵام بەڵگە پزیشکییەکانی لەبەردەستدایە و ئەنجامی پشکنینەکان ژەهرخواردکردنەکەی یەکلایی کردووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشی کرد: “پێشتریش لەو کاتەی کە بەڕێوەبەری ئاسایش بووە، پیلانێک هەبووە بۆ ژەهرخواردکردنی وەستا حەسەن، بەڵام کەسەکان دەستگیرکران و ئێستا لە زیندانن، کە بە پیلانی وڵاتێک دەیانەوێت ئەو کارە بکەن.

ئەمجارە ژەهرخواردنەکەی پشتڕاستکراوەتەوە، بەڵام سەرچاوەکەی دیار نییە”. ئەمە سێیەم سەرکردەی یەکێتییە کە ئەنجامەکان دەریخستووە ژەهرخواردکراون، ئەوانیش هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی کە خۆی رایگەیاند ژەهرخوارد کراوە، هەروەها مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی شەوی رابردوو لە رێگەی میدیاکەیەوە رایگەیاند کە پشکنینە پزیشکییەکان دەریانخستووە ژەهرخواردکراوە. مەلا بەختیار رۆژی 20-10-2021 هەرێمی کوردستانی بەجێهێشت و ئێستا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا لەژێر چارەسەری پزیشکیدایە، بەڵام وەستا حەسەن گەڕاوەتەوە کوردستان و تەندروستیی جێگیرە.

هه‌واڵی زیاتر